رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە و میدیاکان باس لەوە دەکەن یاریی ئەمشەو بەرامبەر مانچێستەر سیتی چارەنووسساز دەبێت. سێ کێشەی سەرەکی لە شێوازی یاریکردنی تیپەکەدا دەرکەوتوون کە، دەبێت راهێنەرە ئیسپانییەکە چارەسەریان بکات، ئەوانیش ناڕێکی لە گوشاری بەرز، نەبوونی هاوسەنگی لە هێڵی ناوەڕاست و ئاشکرابوونی شێوازی هێرشبردن.
نزیکەی 300 رۆژ لەمەوبەر، مانچێستەر سیتی بە ترسەوە ئامادەکاری بۆ یارییەکی گرنگی چامپیۆنزلیگ لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکرد، بەڵام ئێستا رۆڵەکان پێچەوانە بوونەتەوە.
وادیارە کێشەکەی ئەلۆنسۆ لەگەڵ دەستەی کارگێڕی یانەکە تاکتیکییە و دەبێت لەنێو یاریگە کێشەکان چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی رەخنەکان ببێتەوە.
ریال مەدرید دوای شکستی 2 - 0 بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، جارێکی دیکە کەوتەوە نێو گێژاوی رەخنەکان. پێکانەکانی ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد و ئێدێر میلیتاو دۆخەکەیان سەختتر کردووە، بەڵام کێشەکان تەنیا لە پێکانەکاندا نین. بەپێی میدیا ئیسپانییەکان، ئەگەر ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی شکست بهێنێت، ئەگەری دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ زیاترە.
لێرەدا سێ کێشەی سەرەکی ئەلۆنسۆ کە دەبێت رەنگدانەوەی هەبێت لە یارییەکەی ئەمڕۆیدا بەرامبەر مانچێستەر سیتی دەخەینەڕوو :
گوشاری بەرز و ناهاوئاهەنگی
یەکێک لە کێشەکانی وەرزی رابردووی ریال مەدرید، نەبوونی چڕیی پێویست بوو لە هێڵی بەرگریدا. هەرچەندە لەژێر سەرپەرشتی ئەلۆنسۆ ئاستی وەرگرتنەوەی تۆپ باشتر بووە و ریال مەدرید زۆرترین تۆپی لە ناوچەی هێرشبردن لە لالیگادا وەرگرتووەتەوە، بەڵام رێکخستنەکە هێشتا کێشەی تێدایە.
لە یارییەکەی سێلتا ڤیگۆ، فێدێریکۆ ڤالڤێردی چەندینجار پرسیاری لە دەستەی راهێنەران دەکرد، ئایا بچێتە پێشەوە بۆ گوشارکردن یان لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە. کاتێک یاریزانێک بڕیاری گوشار دەدات، بۆ نموونە کیلیان ئێمباپێ دەچێتە پێشەوە، یاریزانەکانی دیکە وەک چوامینی و فران گارسیا هەمان کاردانەوەیان نییە و ئەمەش بۆشایی گەورە لە هێڵەکان دروستدەکات. ئەم ناهاوئاهەنگییە وایکردووە تیپە رکابەرەکان بە ئاسانی هێڵەکانی ریال مەدرید ببڕن.
ناهاوسەنگی لە هێڵی ناوەڕاست
چابی ئەلۆنسۆ هێشتا نەیتوانیوە باشترین چوار یاریزانی هێڵی ناوەڕاست دیاری بکات، بەتایبەتی لەو یارییانەی چاوەڕوان دەکرێت کۆنترۆڵی تۆپ بکەن. بەرامبەر تیپە کراوەکان وەک ئاتلێتیک بیلباو، یاریزانە جەستەییەکانی وەک جود بێلینگهام، چوامینی، ڤالڤێردی و کاماڤینگا ئاستی هاوئاهەنگیان نییە و ئاستێکی بەرز پێشکێش ناکەن.
لەو یارییانەدا، بەرامبەر تیپەکان بە بەرگری نزم یاری دەکەن. ئەلۆنسۆ پشت بە ئاردا گولەر دەبەستێت لە ناوەڕاستی یاریگا، هەرچەندە گولەر خاوەن بەهرەیەکی هونەریی بەرزە، بەڵام توانای جەستەیی و بەرگری بۆ ئەو شوێنە نییە و ئەمەش وادەکات چوامینی بە تەنیا لە ناوەڕاستدا بمێنێتەوە و رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانی رکابەر ببێتەوە. مانچێستەر سیتی شارەزایە لە سوودوەرگرتن لەو بۆشاییانەی ناوەڕاستی یاریگە.
شێوازی هێرشبردنی پێشبینیکراو
ریال مەدرید بووەتە کتێبێکی کراوە بۆ رکابەرەکانی؛ نزیکەی 42%ـی هێرشەکانیان لە لای چەپەوە ئەنجام دەدەن. جیاوازییەکە لەوەدایە ئەلۆنسۆ بە پێچەوانەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، داوای پابەندبوونی تەواو بە پێگەکانیان دەکات و ئەوەش وایکردووە هێرشەکان کەمتر کاریگەر بن و ئاسانتر تیپەکانی رکابەر تاکتیکەکان بخوێننەوە.
لە یاریی دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید و هەروەها دژی سێلتا ڤیگۆ، ریال مەدرید نەیتوانی بەربەستی بەرگری پێنج کەسی رکابەرەکانی تێکبشکێنێت و پەنای بۆ شووتی دوور برد. کاتێک بۆشایی کەم دەبێت، جووڵەی یاریزانەکان بۆ راکێشانی بەرگریکاران کەمە و ئەمەش وادەکات دروستکردنی هەل زەحمەت بێت. جگە لەوەش، لەدەستدانی هەلی گۆڵکردن لەلایەن ئێمباپێ و یاریزانانی دیکەوە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ