ڤیدیۆ؛ 3 ماسی قرش یاریزانێكی تۆپی پێ ده‌خۆن

11-01-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
سێ ماسی قرش کۆتایی بە ژیانی یاریزانێک دەهێنن
سێ ماسی قرش کۆتایی بە ژیانی یاریزانێک دەهێنن
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

ئەو یاریزانەی بۆ پشوو چووە ئوسترالیا بۆ ئەوەی کاتەکانی دوور لە یاری و لەو وڵاتە بەڕێبکات، له‌ لایه‌ن سێ ماسی قرشه‌وه‌ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆتایی بە ژیانی هێنرا.

ئێریک بیریگیتی، تەمەنی 21 ساڵە و لە خولی زانکۆکانی ئەمریکا یارییدەکرد، دوای کۆتاییهاتنی خولەکانی ئەم وەرزە، ئەو یاریزانه‌ لەگەڵ هاوڕێیەکی بڕیاردەدەن بچنە ئوسترالیا بۆ ئەوەی پشوو وەربگرن، بۆ ئەوەش یاریزانەکە دەچێتە کەناراوەکانی شەفەق  کە 370 میل لە شاری پێرسەوە دوورە، بەڵام لە رووداوێکی نادیاردا لە رۆژی 2ـی ئەم مانگەوە ونبوو و هیچ هەواڵێکیشی لەسەر بڵاونەبووەوە.

بەرپرسانی تیمی مەلەوانی گەڕان لە ئوسترالیا، لەکاتێکدا بەدوای کەسێکی دیکەدا دەگەڕان کە ناوی گاری جونسۆنە و ئەویش لەنێو دەریادا ونبووە، بەڵام تیمەکە رووبەڕووی رووداوێکی چاوەڕواننەکراو دەبنەوە، کاتێک لاشەیەک دەدۆزنەوە کە لەلایەن سێ قرشەوە دەورەدراوە.

دوای ئەوەی پشکنین بۆ لاشەی مردووەکە دەکرێت، دەردەکەوێت کە ئەو کەسەی دۆزراوەتەوە، بیریگیتی یاریزانی ئەمریکییە، نەک گاری جونسۆن.

دوای ئەم رووداوە جارێکی دیکە بەرپرسانی ئوسترالیا هۆشداری دەدەنە هاوڵاتیان، بەتایبەت کە یەکەمجار نییە رووداوی هاوشێوە لەو وڵاتە روودەدات، بەو هۆیەشەوە چەندین کەناراو لە وڵاتەکە داخراون.

"کاتێک ساڵی 2019 کۆتاییدێت، هیوادارم لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ هەموو کەسێک لە ئاشتییەکی پڕ لە خۆشەویستیدا بژیت، بە هەموو ئەوانە دەڵێم کە بەر هۆکارێک ناتوانن لەگەڵمان بن، لەبیرت نەچێت، هەمیشە خەڵکت خۆشبووێت، رێز و خۆشەویستیم"، ئەمە دوایین نامەی یاریزانەکەبوو کە لەسەر ئینستاگرام بڵاویکردبووە، بەڵام قرشەکان لە سەرەتای ساڵی نوێدا ژیانی ئەو یاریزانەیان کۆتاییهێنا و خواردیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە