بارسێلۆنا دەیەوێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە ئۆساسونا بباتەوە

11-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا ئۆساسونا جامی سوپەری ئیسپانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا دەستپێدەکات، کاتێک لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا بەرامبەر یانەی ئۆساسۆنا یاریی دەکات.
 
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 22:00 دەکرێت، بلاوگرانا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە لە ریاز ئەنجامدا.
 
وەرزی رابردووی بردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا بووە یەکەم نازناوی چاڤی هێرناندێز وەک راهێنەری یانەکە و یەکەم نازناویان بوو دوای رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە یانەکە، ئەمشەو یانەکە دەیەوێت هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی نازناوەکە دەستپێبکات.
 
بارسا لە کاتێکدا ئەم یارییە گرنگە ئەنجامدەدات، کە لە جامی شای ئیسپانیادا بە زەحمەت لە بارباسترۆی بردەوە و لە دوایین یارییەکانی لالیگاشدا یانەکە نەیتوانیووە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات و هێشتا تیپەکەی چاڤی متمانەی لەلایەن هاندەرانەوە دروست نەکردووە.
 
دۆخی خراپی بارسێلۆنا لە لایەنی ئابووری و پێکانی یاریزانەکانەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تیپەکە دروستکردووە، بەڵام ئەمشەو بارسا دەیەوێت دوور لەو هەموو بیرکردنەوەیە لە ئۆساسۆنا بباتەوە و بە ریال مەدرید بڵێت ئەوە هاتم و کلاسیکۆیەکی دیکە ئەنجامدەدەین.
 
بارسێلۆنا لە 7 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی بەرامبەر ئۆساسۆنا نەدۆڕاندووە، رکابەرەکەی جگە لە هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی مێژوو لە پاڵەوانێتییەکەدا هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە.
 
لە بەرامبەردا یانەی ئۆساسۆنا کە لە چاو هەرسێ یانە بەشدارەکەی دیکە لە جامی سوپەری ئیسپانیا لاوازترینیانە، دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا ئەنجامدا و هیوای بەوەیە بگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئۆساسۆنا وەک دووەمی وەرزی رابردووی جامی شا بەشداریی لە رکابەرییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیادا کردووە، ئەوان خەون بە یاریی کۆتایی و هەنگاونان بەرەو یەکەم نازناوی مێژووییەوە دەبینن، هەرچەند دەزانن ئەرکیان ئاسان نییە، بەڵام تیپەکەی جاگۆبا ئاراسەیت بەباشی خۆی ئامادەکردووە و دەیەوێت سوود لە دۆخی خراپی بارسێلۆنا وەربگرێت.
 
ئۆساسۆنا دوایین دوو یاریی لە لالیگا و جامی شادا بردووەتەوە، بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە سعودیە و وەک راهێنەری یانەکە دەڵێت "دەیانەوێت شەوێکی ئەفسوناوی بەرامبەر بارسێلۆنا تۆماربکەن، بەڵام ئەو شەوە بە دڵی ئەوان دەبێت یان نا، لە ئەول پارک وەڵامەکەی دەدرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە