چابی ئەلۆنسۆ باسی کلاسیکۆ، کیلیان و ئامادەیی تیپەکەی دەکات

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ ریال مەدرید کیلیان ئێمباپێ کلاسیکۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، دووپاتیدەکاتەوە یانەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا لە یاریی کۆتایی جامی سوپەر ئامادەیە. دەڵێ سەرنجمان لەسەرئەوەیە دەتوانین چی بکەین.
 
کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە جەدە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید کۆدەکاتەوە. هەردوو یانە چاویان لە یەکەم نازناوی ئەمساڵە.
 
چابی ئەلۆنسۆ لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "دەرفەتی ئەوەمان هەیە یاریی کۆتایی جامی سوپەر ئەنجام بدەین، ئەمە یارییەکی تایبەتە و دەمانەوێت لێرە بین".
 
ئەلۆنسۆ رەتیکردووەتەوە بەر لە دوایین یەکەی مەشقی تیپەکە، بڕیار لەسەر پێکهاتەکەی بکات، دەڵێ، "مەشقەکان بڕیاردەدات کێ یاریدەکات. لایەنی دەروونی یاریزانان بۆ یارییەکە زۆر گرنگە، پێویستە کێبڕکێ بکەین بۆ ئەوەی ئەم یارییە ببەینەوە. ئێمە ئامادەین".
 
ئەلۆنسۆ بڕیاردانی پێشوەختە لەبارەی ئەنجامی یارییەکە رەتدەکاتەوە، ئەو دەڵێ، "ئەمە یاریی فیناڵە، هەموو شتێکیش ئەگەری روودانی هەیە. ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە دەتوانین چی بکەین و چۆن یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆمان کۆتایی پێبهێنین؟".
 
هەمووان چاوەڕێی بڕیاریدانن لەبارەی چارەنووسی کیلیان ئێمباپێ بۆ یارییەکە. کیلیان بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی لەگەڵ شاندی یانەکە گەشتی سعودیە بکات، بەڵام پاش سەرکەوتنی تیپەکە بۆ یاریی کۆتایی، گەیشتە سعودیە و لە دوایین مەشقەکانی تیپەکەدا بەشدارییکرد.
 
بۆ هاندەرانی ریال، بەشداریکردنی کیلیان گرنگییەکی گەورەی هەیە، ئەو خاوەنی شەش گۆڵە بەدرێسی ریال مەدریدەوە بەرامبەر بارسا، لە وەرزی ئەمساڵی لالیگاشدا 18 گۆڵی کردووە.
 
ئەلۆنسۆ ناچارە لۆژیکییانە مامەڵە لەگەڵ ئەگەری بەشدارییکردن و نەکردنی ئەو یاریزانە بکات، ئەو دەڵێ، "یارییکردنی کیلیان بڕیارێکە کە دەبێت لە نێوان راهێنەران، یاریزانەکە و پزیشکەکاندا بدرێت. دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی سەرکێشییەکە، ئەو ساتەی تێیداین و ئەو ئامانجەی بۆی یاری دەکەین، بکەین. ئێمە کامیگازی نین لە کاتی بڕیارداندا. ناتوانین سەرکەشی بە کیلیان ئێمباپێوە بکەین".
 
راهێنەری ریال مەدرید، یادەوەرییە نزیکەکانی بردنەوەی یەکەم کلاسیکۆی لە بارسا زیندووکردووەتەوە، بەڵام هیواخوازە هاندەران بەهەمان شێوە لە پشتی تیپەکەی بن، "هەستێکی زۆر ناوازە بوو لە یاریی رابردوو کە دەمانبینی نزیکەی تەواوی یاریگاکە پشتیوانمان بوون. ئەمە خاڵە نایابەکەی ریال مەدریدە؛ لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بیت و بۆ هەر کوێ بچیت، ئەم پشتیوانییەت هەیە. ئەمە گەورەترین یانەی جیهانە و ئەوەش زۆر نایاب بوو. ئێمە سوپاسگوزاری ئەوەین. ئێستاش دەمانەوێت بۆ سبەی هەمان هەستمان هەبێت و لەگەڵیاندا ئاهەنگ بگێڕین".
 
کلاسیکۆی ئەمشەو بەخاڵێکی دیکەی وەرچەرخان لە کاروانی کارکردنی چابی ئەلۆنسۆ لەگەڵ ریال مەدرید دادەنرێت و ئەگەر براوە نەبێت، بەردەوامبوونی لەگەڵ یانەکە ئەستەمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە