نهێنییەکی چاوەڕواننەکراو سەبارەت بە دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ ئاشکرابوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی زانیاری و نهێنی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە هۆکاری جێهێشتنی ریزەکانی یانەی ریال مەدرید لەلایەن چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشووی یانەکەوە ئاشکرا دەکات.
 
خۆسێ فێلیکس دیاز، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگ، لە راپۆرتێکدا کە لە رۆژنامەی ئەی ئێس بڵاوکراوەتەوە، جەختی کردووەتەوە کە دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ وەک 'مردنێکی رانەگەیێندراو" بووە لە ناو یانەکەدا.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندی نێوان ئەلۆنسۆ و یاریزانانی تیپەکە لە سەرەتاوە ئەو گونجانەی تێدا نەبووە کە پێویست بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بە 'پەلەپەل' و پێش دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکانی 2025 ئەرکەکەی گرتە ئەستۆ، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی ناو یاریگە هەبوو.
 
هەروەها روونیکردووەتەوە کە هەرچەندە راهێنەرە ئیسپانییەکە تاوەکو مانگی یەک لە پۆستەکەیدا مایەوە، بەڵام بڕیاری رۆیشتنی لەڕاستیدا 4 هەفتە پێشتر یەکلاکرابووەوە، بەدیاریکراوی لە مانگی 12ـی رابردوودا، کاتێک کارگێڕیی یانەکە دەستی کردبوو بەگەڕان بەدوای جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ قۆناخی داهاتوو.
 
ئاماژەی بەوەش کردووە کە کارگێڕیی یانەکە 'دواهەل'یان بە ئەلۆنسۆ داوە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکە، بەڵام خراپی ئەنجامەکان و بەردەوامی بێ متمانەیی لە ناو تیپەکەدا کۆتاییەکەی خێراتر کرد، تاوەکو دواجار دوای دۆڕانی یاریی کۆتایی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە بەرامبەر بارسێلۆنا، بەفەرمی دوورخستنەوەی راگەیێندرا.
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوا وەک راهێنەری کاتی لە شوێنی ئەلۆنسۆ دەستبەکاربوو، بەڵام تیپەکە لەسەر ئاستە خراپەکەی بەردەوام بوو، ئێستا بە جیاوازی 9 خاڵ لە دوای بارسێلۆنای پێشەنگەوەیە لە لالیگا، هەروەها لە جامی شا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپاش ماڵئاوایی کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە