رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا کەوتووەتە قۆناخێکی ئاڵۆزەوە سەبارەت بە پێگەی گۆڵپارێز، ئەمەش کارگێڕیی وەرزشی بە سەرۆکایەتی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی، دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک بڕیاری چارەنووسساز لە ماوەی داهاتوودا.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، دیارترین کێشە بریتییە لە پاشەکشەی دۆخی ئەو گۆڵپارێزانەی بەخواستن دراونەتە یانەکانی دیکە؛ هەر سێ گۆڵپارێز ئیناکی پێنا، ئەندەر ئەسترالاگا و ئارۆن یاکوبشڤیلی لە یاریزانانی سەرەکییەوە لە سەرەتای وەرزدا، کە ئێستا بوونەتە یەدەگ، ئەمەش هەلی هەڵسەنگاندنیان بەشێوەیەکی ەوون کەمدەکاتەوە پێش بڕیاردان لەسەر داهاتوویان.
لە یانەی ئێلچی، ئیناکی پێنا وەرزەکەی وەک گۆڵپارێزی یەکەم لەژێر سەرپەرشتی ئیدەر سارابیا دەستپێکرد، بەڵام لە مانگی یەکی رابردووەوە بەهۆی خراپی ئەنجامەکان و هەندێک هەڵەی تاکەکەسی شوێنەکەی لەدەستدا، ئێستا خۆی لە دەرەوەی پێکهاتەی سەرەکی دەبینێتەوە سەرەڕای ئەوەی گرێبەستێکی درێژخایەنی تاوەکو ساڵی 2029 لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە.
سەبارەت بە ئەستالاگا، کە تاوەکو هاوینی 2026 بەخواستن لە یانەی گرانادا، نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێت بەهۆی کێشەی جەستەیی لە پاژنەی پێیدا کە کاریگەری لەسەر بەردەوامبوونی هەبووە.
لە یانەی ئەندۆرا، یاکوبشڤیلی یەکێک بوو لە سوپڕایزە دیارەکانی وەرزەکە، بەجۆرێک وەک گۆڵپارێزی سەرەکی دەستیپێکرد و ئاستێکی باشی پێشکەشکرد، بەڵام دواتر بە بڕیارێکی تەکنیکی شوێنەکەی لەدەستدا.
کێشەی تێر شتێگن
لە لایەکی دیکەوە، دۆخەکە لە ناو تیپی یەکەمدا جێگیرتر دیارە؛ هانزی فلیکی راهێنەر بەتەواوی پشت بە خوان گارسیا دەبەستێت وەک گۆڵپارێزی سەرەکی لەو کاتەوەی لە هاوینی 2025 پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، هەروەها ڤۆیچێک چێزنی بژاردەی دووەمە، لە نێوان تەمومژ لەسەر بەردەوامبوونی سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو 2027ـە.
بەڵام ئەوەی دیمەنەکە ئاڵۆزتر دەکات، دۆخی مارک ئەندرێ تێر شتێگنە، کە بەدەست پێکانێکی سەختەوە دەناڵێنێت و لەوانەیە لە مۆندیال بێبەش بێت، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی تاوەکو 2028 بەردەوامە.
ناوی دیێگۆ کۆچینیش وەک یەکێک لە چارەسەرەکانی داهاتوو دەردەکەوێت، دوای ئەوەی ئەم وەرزە بەردەوام لەگەڵ تیپی یەکەمدا بووە بێئەوەی هەلی یارییکردنی پێبدرێت.
لەبەر رۆشنایی ئەم دۆخە وادیارە بارسێلۆنا بەرەو هاوینێکی گەرم هەنگاو دەنێت لەسەر ئاستی گۆڵپارێزەکان، لەگەڵ ئەگەری هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ هەموو ناوەکان و هەوڵدان بۆ فرۆشتنی زۆربەیان، کە ئەمەش ئەرکێکی قورسە بەهۆی ئەوەی لە یانەکانی ئێستایاندا شوێنی سەرەکییان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ