رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکی مشتومڕهەڵگری وروژێنەری شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی، دەستەی گشتیی گواستنەوە لە ویلایەتی نیوجێرسیی ئەمریکا رایگەیاند، نرخی بلیتی شەمەندەفەر لە شاری نیویۆرکەوە بۆ یاریگای میتلایف لە کاتی مۆندیالی 2026دا، 150 دۆلاری ئەمریکییە.
بەپێی لێکدانەوەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئەمریکا، ئەو نرخە 10 هێندەی نرخی ئاسایی هەمان شەمەندەفەرە لەکاتی ئاسایی و بۆ کەسانی ئاسایی نیشتەجێی شارەکە.
یاریگای میتلایف نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە وێستگەی 'بن ستێشن'ی مانهاتنی ناوەڕاستی نیویۆرکەوە دوورە کە رۆیشتن بە شەمەندەفەر نزیکەی نیو کاژێر دەخایەنێت. یاریگاکە چەندین یاریی گرنگی مۆندیالی داهاتووی لەسەر ئەنجامدەدرێت، لە نێویاندا یاریی کۆتایی مۆندیال.
پاش ئاشکراکردنی ئەو نرخە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) لە بڵاوکراوەیەکی زمان توونددا، بڕیاری فرۆشتنی بلیتەکە و نرخەکەی بە 'پێشتر نەبینراو' ناوبرد، هۆشداریدا لەوەی کە ئەو نرخە، پەرچەکردار و بایکۆتی هاندەرانی بەداوادا دێت.
هایمۆ شێرجی، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە فیفا دەڵێ، "دانانی نرخی خەیاڵیی بەبێ پرسکردن بەئێمە و دواتر داواکردن لێمان تاوەکو تێچووەکەی بگرینە ئەستۆ، کارێکە پێشتر نەکراوە. هیچ رێکخەری پاڵەوانێتی و بۆنەیەکی جیهانی، یان کۆنسێرت و ئاهەنگ و کۆبوونەوەی وەرزشی گەورە، ئەو جۆرە داواکارییەی لێنەکراوە.
هەروەها دەڵێ، نموونەی ئەو نرخە کاریگەریی گەورەی لەسەر پاشگەزکردنەوەی هاندەران دەبێت. ئەو زیادبوونە شێتانەیەی نرخ وایان لێدەکات پەنا بۆ بەکارهێنانی هۆکاری دیکەی گواستنەوە ببەن و بەوەش کێشەی قەرەباڵخی و خنکانی هاتووچۆ لەسەر رێگەکانی بەرەو یاریگاکە دروستدەکات.
لای خۆیەوە، میکی شیریل، حاکمی نوێی ویلایەتی نیوجێرسیی کە سەر بەپارتی دیموکراتە بەرگری لە بڕیارەکە کردووە و داوا دەکات، فیفا تێچووی بلیتەکان لە ئەستۆ بگرێت.
شیریل دەڵێ، "فیفا پلانی هەیە بۆ ئەوەی 11 ملیار دۆلار قازانج بکات، لەبەرئەوە دەبێ خۆیان تێچووی گواستنەوەی هاندەرەکانیان لە خۆبگرن".
بەڵام هەرزوو شێرجی زانیارییەکانی حاکمەکەی نیوجێرسی راستکردەوە و دووپاتیکردەوە، "پێشبینیکراوە فیفا لە کۆی داهاتەکانی پاڵەوانێتییەکە 11 ملیار دۆلار پەیدا بکات، نەک قازانج بکات. ئێمە رێکخراوێکی قازانج نەویستین. داهاتەکانی جامی جیهانی هەموویان بەتەواوی لە وەبەرهێنانی تۆپی پێدا خەرجدەکرێنەوە، بەتایبەت لای گەنجان و ئافرەتان، هەروەها لە سەرانسەری جیهان".
فیفا لەگەڵ بڵاوکراوەکەیدا، نموونەی نرخی بلیتی شەمەندەفەر و میترۆکانی شارە میوانداریکەرەکانی مۆندیالی بڵاوکردووەتەوە کە لە نێوان دۆلارێک و نیو تاوەکو 15 دۆلارە، ئەوەش گەورەیی جیاوازییەکە لەنێوان نرخەکانی هەردوولا دەردەخات.
رێکخراوەکانی شارەزای رێگاوبان ترسیان لەوە هەیە بڕیاری بلیتە گرانەکانی مۆندیال، ببێتە هۆکاری ئەوەی هاندەران بەلێشاو ئۆتۆمبێلی خۆیان بەکاربهێنن و بەوەش قەرەباڵخییەکی بێشومار لە ناوچەکەیدا سەرهەڵبدات، کە لە بنەمادا خۆی زۆر قەرەباڵخە.
لە کاتێکدا مۆندیال ماوەی چەند مانگێکی کەمی ماوە، تاوەکو ئێستا دیار نییە، ئایا فیفا دەسەڵاتدارانی شارەکە ناچاردەکات بەپاشەکشە لە بڕیارەکەیان، یان چارەسەرێکی دیکە بۆ ئەو شۆکە دەدۆزێتەوە کە رووبەڕووی هاندەرانی مۆندیال دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ