رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی هەفتەی بیستەمینی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا کۆتاییان هات و ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ پێشەنگی گرتووە.
رۆژی یەکشەممە یارییەکانی هەفتەی بیستەمینی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا بەڕێوەچوون؛ ئامەدسپۆر پارێزگاری لە پلەی یەکەم کرد و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ پەندیک سپۆری پلەی دووەم کردە 4 خاڵ.
جگە لە یاریی نێوان مانیساسپۆر و ئومرانیەسپۆر کە بڕیارە رۆژی دووشەممە بەڕێوەبچێت، تەواوی یارییەکانی هەفتەی بیستەم بەڕێوەچوون.
ئامەدسپۆر کە رۆژی 9-1-2026 میوانداریی یانەی چۆرومی کرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی خاوێن لی بردەوە، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 42 و مانەوەی خۆی لە پلەی یەکەمی خوکی پلە یەکی تورکیا مسۆگەر کرد.
یانەی پەندیک سپۆر بە 38 خاڵ، یانەی ئەسەنلەر بە 37 خاڵ و یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر بە 36 خاڵ پلەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمیان گرتووە.
ئاست و ئەنجامی ئامەدسپۆر
ئامەدسپۆر کە تاکە نوێنەری ئامەدی باکووری کوردستانە، لە کۆی 20 یاریی گەڕی یەکەمی یانە پلە یەکەکانی تورکیا، توانیویەتی 13یان بباتەوە. هەروەها لە 3 یاریدا یەکسان بووە و 4 یاریشی دۆڕاندووە. لەو یارییانەدا 43 گۆڵی تۆمارکردووە و 25 گۆڵیشی لێ تۆمارکراوە.
ئامەدسپۆر 42 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی یەکەمی خولەکەی گرتووە.
گۆڵکارەکانی یەکەم و دووەمی خولەکە یاریزانی ئامەدسپۆرن
بەگوێرەی دوایین لیستی ریزبەندی گۆڵکارانی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا، چوار یەکەمین گۆڵکار لە یانەکانی باکووری کوردستانن. هەروەها یەکەم و دووەم گۆڵکاری خولەکە لە یانەی ئامەدسپۆرن.
مبای دیانێ، ئەستێرەی سەنیگالی و یانەی ئامەدسپۆر لە کۆی 20 یاریی ئەمساڵدا 17 گۆڵی تۆمارکردووە و پێشەنگی لیستی گۆڵکارانی گرتووە.
هەروەها فلۆرێنت هاسانی، یاریزانی کۆسۆڤی و یانەی کۆسۆڤۆ بە تۆمارکردنی 14 گۆڵ لە پلەی دووەمی گۆڵکارانە. ئەرەن توزڵو، یاریزانی یانەی ئەرزەڕۆم و یاریزان گیاننی سالڤاتۆر بروند لە یانەی ئیدر کە هەریەکەیان 11 گۆڵیان تۆمارکردووە، لە پلەکانی سێیەم و چوارەمن.
ئامەدسپۆر ئەمجارە دەبێتە میوانی ئەرزەڕۆم
یانەی ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان کە 36 خاڵی هەیە و پلەی چوارەمی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیای گرتووە، لە هەفتەی 21دا رۆژی 18-1-2026 میوانداریی یانەی ئامەدسپۆر دەکات. ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە زۆر گرنگە، چونکە هەریەک لەو یانانە دەیانەوێت هەنگاوێک زیاتر بڕۆنە پێشەوە و ئەنجامی باشتر مسۆگەر بکەن.
ئامەدسپۆر هەوڵی گەیشتن بە سوپەرلیگی تورکیا دەدات
یانەی ئامەدسپۆر لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام لە سەرکەوتندایە؛ سەرەتا لە خولی یانە پلەسێیەکان خۆی گەیاندە خولی یانە پلەدووەکان. ساڵی دواتر یەکەمی یانە پلە دووەکان بوو و ئەمساڵ لە خولی یانە پلە یەکەکاندا یاری دەکات و دووبارە پێشەنگی گرتووە.
ئەگەر ئەم ساڵ بەم ئاستەی بمینێتەوە، دەگاتە سوپەرلیگی تورکیا و بەرامبەر یانەکانی گاڵاتاسارای، فەنەرباخچە، بێشیکتاش و ترابزۆن یاری دەکات.
ئامەدسپۆر (AMED S.F.K)، ساڵی 1972 دامەزراوە. سەرەتا ناوی یانەی گەورەشارەوانیی دیاربەکر بوو، بەڵام دواتر گۆڕدرا بۆ یانەی ئامەدسپۆر و لە وەرزی 2013-2014ـەوە و لە خولی پلە دووی تورکیا یاریی کرد.
ئامەدسپۆر و دیاربەکرسپۆر دوو یانەی جیاوازن
دیاربەکرسپۆر و ئامەدسپۆر دوو یانەی جیاوازن و هەردووکیان نوێنەرایەتیی پارێزگای ئامەد دەکەن.
ئامەدسپۆر لە خولی یانەپلە یەکەکان و دیاربەکرسپۆر کە 24-6- 1968 دامەزراوە و رەنگی درێسەکەی سوور و سەوزە، لە خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ