رووداو دیجیتال
یوسف ئەمین، ئەستێرەی کورد ئاشکرایکرد لە خولی قوبرسی زۆر ئاسوودەیە و دەیەوێت هەموو هێز و توانای بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانی نازناوی خولەکە ببەنەوە، ئاستبەرزی ئەو ئەستێرە کوردە بووەتە هۆکاری ئەنجامە باشەکانی تیپەکە.
یوسف، لەدایکبووی ساڵی 2003ـی ئەڵمانیایە، بەڵام لە خێزانێکی کورد کە خەڵکی گەرمیانن، لەدایکبووە. ئەو سەرەتا لە ئەکادیمیای یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن لە ئەڵمانیا پێگەیشتووە. ساڵی 2022 چووەتە یانەی فاینۆردی هۆڵەندی، دواتر بۆرووسیا دۆرتموند و پاشانیش یانەی وەحدەی سعودی، وەرزی ئەمساڵیش یاریی بۆ یانەی ئایل لارنکای قوبرسی دەکات.
ئایک لارناکا ئەو یانە قوبرسییەی لە 1994 دامەزراوە و خاوەنی هاندەرێکی زۆرە، وەرزی ئەمساڵ تیپەکە رکابەریی لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی قوبرسی دەکات، دوای تێپەڕبوونی 21 گەڕ لە یارییەکانی خولەکە، ئایک لارنکا 46 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندییە، بەجیاوازی 5 خاڵ لە دوای یانەی ئۆمۆنیا نیقۆسیای پێشەنگە.
یوسف ئەمین، ئەستێرەی پیشەگەری کورد لەگەڵ ئەزموونی نوێی لە خولی قوبرسی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "من بۆیە خولی قوبرسیم هەڵبژارد، چونکە دەمەوێت لە خولی وڵاتانی ئەوروپا یاری بکەم و بێگومان خولەکانی ئەوروپا بەهێزن و ستایلی یاریکردنی منیش وایە کە دەمەوێت لە خولی زۆر بەهێز دەربکەوم لەو تیپانە یاریبکەم کە پڕ ئەستێرەن".
یوسف ئەمین، رۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنەکانی تیپەکەی هەیە و بووەتە جێگای بایەخی هاندەرانی بەشێوەیەک دوو گۆڵ و دوو ئاسیستی هەیە، بەر لە دوو گەڕ ناوی لە لیستی باشترین یاریزانانی خولی قوبرسی بوو، گەڕی رابردووش وەک باشترین یاریزانی یاریی یانەکەی بەرامبەر بە ئەپۆیل نیقۆسیا دەسنیشانکرا.
ئەستێرەی کوردی خولی قوبرسی لەبارەی ژیانی لەو وڵاتە روونیکردەوە "لێرە لەنێو کەش و هەوا و ژیانێکی زۆر خۆشدام، مامەڵەیان زۆر پڕۆفیشناڵانەیە لەگەڵمان و هاندەران زۆر رێزی یاریزانەکان دەگرن، دەمەوێت ئەو هێز و توانا و ئاستەی هەمە خزمەتیان بکەم و لەگەڵ هاوڕێکانم بۆ بردنەوەی نازناوی خولی قوبرسی دەجەنگین".
یوسف ساڵی 2023 بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق کرا و بەشداریی لە مۆندیالی خوار 20 ساڵاندا کرد. لە 16ی مانگی یانزەی ساڵی 2023 یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراقەوە ئەنجامدا، ئێستاش یەکێکە لەو ئەستێرانەی هەڵبژاردەی عێراق کە هیوایەکی گەورەی راهێنەر و هەموو هاندەرانی هەڵبژاردەیەکەیە.
یوسف ئەمین، یەکێکە لەو ئەستێرانەی لە یاریی یەکلایکردنەوەی چارەنووسی هەڵبژاردەی عێراق لە پاشکۆی کۆتایی گەیشتن بە مۆندیال بەرامبەر بە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا یاریدەکات، ئەو ئەستێرەیە دەمێکە خەونی گەورەی یاریکردن لە گەورەترین پاڵەوانێتیی جیهان دەبینێت "زۆر گرنگە خەونی گەورەی ملیۆنان هاندەر بکەینە راستی، بەڵێنمانداوە کە بگەینە مۆندیال و من هەر لە منداڵییەوە سەیری یارییەکانی مۆندیال دەکەم و بیر لەوە دەکەمەوە چەند هەستێکی خۆش و ناوازەیە یەکێک بیت لەو ئەستێرانەی لە مۆندیال یاریبکەیت".
رۆژی شەممە یانەی ئایک لارناکا لەنێو یاریگەی ئایک ئارینا میوانداریی یانەی ئۆپۆلۆن لیماسول دەکات، چاوەکان لەسەر ئاستبەرزی یوسف ئەمین، ئەستێرە کوردەکەیە و چاوەڕواندەکرێت زیاتر بگەشێتەوە و لەسەر ئاستە ناوازەکەی بەردەوامبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ