یوسف ئەمین بۆ رووداو: بەرەو قوبرس بەڕێکەوتم

27-07-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یوسف ئەمین یانەی ئایک لارانکا
A+ A-
رووداو هەولێر 

یوسف ئەمین، ئەستێرەی کورد بەشێوەیەکی فەرمی رێککەوتنی لەسەر واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یانەی ئایک لارانکای قوبرسی تەواوکرد، بڕیارە ئەمڕۆ بگاتە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات.
 
دوای ئەوەی هەریەک لە یانەکانی ریازی سعودی لەگەڵ چەند یانەیەکی ناوخۆی خولەکانی ئەورووپا هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی واژۆی یوسف ئەمین چڕکردەوە، بەڵام دواجار یانەی ئایک لارانکای قوبرسی توانی ئەستێرە کوردەکە رازیبکات بۆ ئەوەی درێسی یانەکە بپۆشێت. 
 
کەمێک پێش ئێستا یوسف ئەمین، ئەستێرەی کورد لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دۆسلدۆرفی ئەڵمانیاوە بەرەو وڵاتی قوبرس گەشتی کرد، چاوەڕواندەکرێت دوای پشوودانێکی کورت یانەکە گرێبەستی یوسف ئەمین واژۆ بکات و بە میدیاکان بناسێنرێت.
 
بەر لە گەشتکردنی بۆ قوبرس یوسف ئەمین، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "بەهیوایەکی گەورەوە روو لە یانە نوێیەکەم دەکەم، دەمەوێت باشترین ئاست پێشکێش بکەم بەتایبەت یانەی ئایک لارانکا بەشداری پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە خولی یۆرۆپالیگ دەکات، ئەمەش وێستگەیەکی باشە لە ژیانی وەرزشی من". 
 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە قۆناخی دووەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یۆروپالیک یانەی ئایک لارانکای قوبرسی یاری لەگەڵ یانەی سێڵچی سلۆڤینی بکات، چاوەڕواندەکرێت یوسف ئەمین بەشداری یارییەکە بکات. 
 
بەر لە گەشتکردن بۆ قوبرس یوسف ئەمین، ئەستێرەی کورد لە شاری کۆڵن کە شوێنی ژیانکردنی خۆی و ماڵباتەکەیەتی راهێنان و ئامادەکارییەکی زۆری لێهاتووی جەستەی کرد لە هۆڵ و یاریگەکانی ئەو شارە. 
 
ئەو ئەستێرە کوردە لەدایکبووی ساڵی 2003ـی ئەڵمانیایە، بەڵام خەڵکی باشووری کوردستان و دەڤەری گەرمیانە. ئەو سەرەتا لە ئەکادیمیای یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن پێگەیشتووە. ساڵی 2022 چووەتە یانەی فاینۆردی هۆڵەندی، دواتر بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و پاشانیش یانەی وەحدەی سعودی.
 
یوسف ئەمین، ئەستێرەیەکی سەرەکییە لە هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، خاوەن هەوادارێکی زۆرە و بووەتە جێگای بایەخی دەستەی راهێنەران و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە