رووداو هەولێر
دوای ئەوەی یانەی وەحدەی سعودی لە خولی رۆشنی سعودی دابەزی، تۆڕی میدیایی رووداو لە بەدواداچوونێکدا داهاتووی ئەو ئەستێرە کوردەی لەگەڵ یانە سعودییەکە ئاشکرا دەکات.
یوسف ئەمین، تاکە ئەستێرەی کوردی خولی رۆشنی سعودییە کە وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار گرێبەستی لەگەڵ یانەی وەحدە واژۆکرد، ئەو یاریزانە 29 یاری بەدرێسی وەحدە ئەنجامداوە و چوار گۆڵ و دوو ئاسیستی هەیە، باڵکێشترین یاریشی بەرامبەر یانەی نەسڕ بوو کە تێیدا رووبەڕووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریکرد، ئاستبەرزی وایکرد بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشان بکرێت.
بەڕێوەبەری کارەکانی یوسف ئەمین، تایبەت بە رووداوی راگەیاند "ماڵئاوایی یانەی وەحدە لە خولی رۆشنی سعودی چاوەڕوانکراو نەبوو، یوسف ئەمین ریزەکانی یانەکە بەجێدەهێڵێت، دوای تەواوبوونی یارییەکە ئەو گەشتی بەسرەی کرد و ئێستا هەموو بایەخێکی بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراقە".
ئەو ئەستێرە کوردە پێشتر لە ئەڵمانیا لە یانەکانی بۆخوم، ڤیکتۆریا کۆڵن لەگەڵ چەند یانەیەکی دیکە یاریکردووە، تەمەنی 22 ساڵە و یەکێکە لەو ئەستێرە کوردانەی چاوێکی زۆری لەسەرە لە خولی سعودی و چەند یانەیەکی ئەوروپا.
لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانەوە ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە "لە گواستنەوەی زستانە یانەی ریازی سعودی زۆر هەوڵیدا گرێبەست لەگەڵ یوسف ئەمین واژۆ بکات و هەوڵەکانی هەر بەردەوامن، بەڵام خواستی یوسف گەڕانەوەیە بۆ ئەوروپا، ئەو بەڕێوەبەری کار و چەند کەسێکی تایبەتی هەیە کارەکانی بۆ دەکەن و چاوەڕوانی یانەیەکی شیاوە بۆ داهاتووی و دوای یارییەکانی هەڵبژاردەکەی بڕیار لەسەر داهاتووی دەدات".
یوسف ئەمین، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی وەحدەی سعودی تەواو نەبووە، چاوەڕواندەکرێت ئەو یانەیەی گرێبەست لەگەڵ یوسف ئەمین واژۆ دەکات، بەشێوەی خواستن یان گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە سعودییەکە بشکێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ