رووداو دیجیتاڵ
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەریئەڵمانی، ریال مەدرید شۆک دەکات و راشکاوانە پێیاندەڵێت "ڤینیسیۆس بفرۆشن ئینجا دەبمە راهێنەرتان".
ناوی یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی جارێکی دیکە لە ناو داڵانەکانی یانەی ریال مەدرید دەنگدەداتەوە و وەک بەهێزترین بەربژێر بۆ گرتنەدەستی پۆستی راهێنەرایەتیی یانە شاهانەکە دەبینرێت. بەڵام کڵۆپ مەرجێکی شۆکهێنەری بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز داناوە، کە ئەویش فرۆشتنی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەیە.
کڵۆپ بۆچی ڤینیسیۆسی ناوێت؟
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یۆرگن کڵۆپ، ئەو راهێنەرە پێیوایە ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاریزانێکی سەر بەکێشەیە و بەزەحمەت کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەمەش لەگەڵ ئەو دیسپلین و سیستمە تووندەی کڵۆپ نایەتەوە کە دەیەوێت لە مەدرید جێبەجێی بکات.
کڵۆپ پێیوایە مانەوەی ڤینیسیۆس مەترسییە بۆ سەر یەکڕیزیی ژووری جلگۆڕین و نابێت یاریزانێک هەبێت کەشی کۆمەڵەکە تێکبدات.
هەروەها کڵۆپ دەڵێت "ئێستا باشترین کاتە بۆ فرۆشتنی ڤینیسیۆس، چونکە نرخی بازاڕیی لە لووتکەدایە و دەتوانرێت بە زیاتر لە 120 ملیۆن یۆرۆ بفرۆشرێت، بەو پارەیەش ریال مەدرید دەتوانێت چەندین یاریزانی دیکە لە ناوچە هەستیارەکانی تیپەکە بگوازێتەوە".
ئەو سێ یاریزانەی کڵۆپ داوایان دەکات
بۆ قبوڵکردنی ئەرکی راهێنەرایەتی، کڵۆپ تەنیا بەفرۆشتنی ڤینیسیۆس نەوەستاوە، بەڵکو داوای سێ یاریزانی دیکەی کردووە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی، کە ئەمانەن:-
1 - ئالێکسیس ماک ئالیستەر؛ ئەستێرەی لیڤەرپوول، کە کڵۆپ بەباشترین کەسایەتی بۆ رێکخستنەوەی هێڵی ناوەڕاستی دەبینێت.
2 - هاری کەین؛ گۆڵکارە ئینگلیزییەکە، بۆ ئەوەی ببێتە سەرەڕمی هێرشبەری و گەرەنتی گۆڵکردن بکات.
3 - نیکۆ شلۆتێربێک؛ بەرگریکارێکی خێرا و لێهاتووە، بۆ بەهێزکردنی هێڵی دواوە لە تەنیشت میلیتاو
بڕیارەکە لە دەستی پێرێزدایە
ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کارگێڕیی ریال مەدریددایە؛ ئایا یانە شاهانەکە ئامادەیە گەورەترین ئەستێرەی خۆی بکاتە قوربانی بۆ ئەوەی یەکێک لە باشترین راهێنەرەکانی مێژوو بگوازێتەوە؟ یان پێداگری لەسەر مانەوەی ڤینیسیۆس دەکەن و دەستبەرداری خەونی کڵۆپ دەبن؟ تەنیا هاوینی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ