پاریس سانجێرمان دەیەوێت تۆڵەی لەدەستدانی مۆندیال لە چێڵسی بکاتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان چێڵسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان لە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دووبارە دەبێتەوە و یانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت تۆڵە لە چێڵسی بکاتەوە.
 
لە یاریی چوونی ئەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگدا، ئەمشەو کاژێر 23:00 یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و پاڵەوانی وەرزی رابردووی پاڵەوانێتییەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی چێڵسی یاریی دەکات.
 
پاریس سانجێرمان، لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی زۆرباش نین و ئاستی دابەزیووە، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی لە یاریی چووندا بردنەوە تۆماربکات و بۆ یاریی گەڕانەوە ئەرکی زۆر زەحمەت نەبێت.
 
بەر لە یارییە، جواو نێڤێس گەڕایەوە نێو مەشقەکانی پاریس سانجێرمان و بۆ یارییەکە ئامادەیە، بەڵام فابیان رۆیز بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
لەلایەن خۆیەوە چێڵسی، دوای دەستنیشانکردنی لیام رۆسێنیۆر وەکو راهێنەری یانەکە، رۆژ لە دوای رۆژ باشتر یاریی دەکات و هیوای زۆری بۆ هاندەرانی تیپەکە گەڕاندووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە گەڕی رابردووی پرێمەرلیگدا یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئاستۆن ڤیلای بردەوە.
 
جواو پێدرۆ مەترسیدارترین ئەستێرەی یانە لەندەنییەکەیە، لە دوایین 12 یارییدا 11 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تۆمارکردووە و ئەمشەویش دەیەوێت هاوکاریی تیپەکەی بکات.
 
لە ریزەکانی بلۆز هەریەکە لە ئێستێڤاو، جەیمی گیتێنس و لێڤی کۆلویل بەهۆی پێکانەوە بەشداری ناکەن.
 
هەردوو یانە لە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکاندا رووبەڕووی یەکبوونەوە، چێڵسی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە پاریس سانجێرمانی بردەوە و بووە پاڵەوان، پاریس دەیەوێت تۆڵەی ئەو دۆڕانە بکاتەوە.
 
هەردوو تیپ 9 جار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، هەریەکەیان سێ یارییان بردووەتەوە و سێ جار هەردوو تیپ یەکسانبوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە