ئینێستا بۆ فلیک: ئەم هەڵەیە دووبارە بکەیتەوە کلاسیکۆ و لالیگا لەدەستدەدەی

11-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاندرێس ئینێستا هانزی فلیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاندرێس ئینێستا، ئەستێرە و کاپتنی پێشووی یانەی بارسێلۆنا هۆشداری دەداتە هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانیی یانەی کەتەلۆنی لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکەی بەرامبەر ئینتەرمیلان و رێنمایی دەکات لە یاریی کلاسیکۆدا بەشداری بە رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری ئۆرۆگوایی نەکات.
 
ئەمڕۆ یاریی کلاسیکۆ لە گەڕی 35ـی لالیگادا تا راددەیەک یەکلاکەرەوە دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر بارسێلۆنا بتوانێت لەسەر یاریگای خۆیدا لە ریال مەدرید بباتەوە، کە ئێستا 4 خاڵ لەپێش یانەی شاهانەیە.
 
لەگەڵ ئەوەی هێشتا کاردانەوەکانی دەرچوونی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ ماونەتەوە، یانەکە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی لەسەر یاریی کلاسیکۆ بۆ ئەوەی نازناوی لالیگاش لەدەست نەدات کە نزیکە لێی.
 
لە هەنگاوێکی سەرنجڕاکێش و نائاساییدا، ئاندرێس ئینێستای ئەفسانەی بارسێلۆنا هۆشداریی دایە هانزی فلیکی راهێنەر لە دووبارەکردنەوەی هەڵەی یاریی بەرامبەر ئینتەرمیلان لە چامپیۆنزلیگدا، کە بە "هەڵەیەکی کارەساتبار".
 
ئینێستا لە لێدوانێکدا داوا لە فلیک دەکات یاری بە رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری ئۆرۆگوای نەکات.
 
ئینێستا کە بە کەسێکی واقیعی و ئارام ناسراوە، ئەمجارەیان لە هەموو کاتێک زیاتر یەکلاکەرەوەتر دەرکەوت و راشکاوانە گوتی "تەنیا بیرکردنەوە لە یاریکردنی ئاراوخۆ لە کلاسیکۆ، ریال مەدرید لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا نزیکتر دەکاتەوە، هەروەها تەواوی وەرزی بارسێلۆنا دەخاتە مەترسییەوە". 
 
کاپتنی پێشووی بارسێلۆنا، تەنیا داوای ئەوە ناکات ئەو یاریزانە لەم یارییە گرنگە دووربخرێتەوە، بەڵکو پێیوایە دەبێت بۆ ماوەی داهاتوو بۆ هەمیشەیی لە پێکهاتەی سەرەکی دووربخرێتەوە.
 
ئەم لێدوانەی ئینێستا لە کاتێکی هەستیاری تایبەتدا دێت، لەکاتێکدا بارسێلۆنا خۆی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆیەکدا کە بەئەگەری زۆرەوە چارەنووسی لالیگا دیاری دەکات. 
 
ئاراوخۆ دوای یارییەکەی بەرامبەر ئینتەرمیلان رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە، دوای ئەو ئاستە خراپەی لە یارییەکەدا پێشکەشی کرد، بەمەش تیپەکە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لەدەستدا.
 
بردنەوەی ئەمرۆی بارسێلۆنا ئەو یانەیە زۆر لە نازناوەکە نزیک دەکاتەوە، چونکە تەنیا پێویستیان بە دوو خاڵی دیکە دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی نازناوەکە، کە سێ یاریی دەمێنێت. تەنانەت یەکسانبوون ئەنجامێکی قبوڵکراو دەبێت، چونکە ئەوکات پێویستە تیپی کەتەلۆنیا لەکۆی نۆ خاڵەکەی دیکە پێنج خاڵ کۆبکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە