وردەکاریی گرێبەستە نوێیەکەی ڤینیسیۆس لەگەڵ ریال مەدرید

11-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی، پاشئەوەی لەگەڵیدا گەیشتە رێکەوتن و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدرید گرێبەستی ئەو ئەستێرە لاوە بەرلە دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان نوێدەکاتەوە و رادەگەیێنێت کە بۆ ماوەی سێ ساڵە و تاوەکو 2030 درێژ دەبێتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، "گرێبەستە نوێیەکە، ڤینیسیۆس دەکاتە خاوەن بەرزترین مووچە لە یانەکەدا و ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆ بەبێ باج وەردەگرێت".
 
بەرزترین مووچەی ئێستای ریال مەدرید، کیلیان ئێمباپێیە کە ساڵانە 15 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت لەگەڵ پاداشتێکی زەبەلاحی گرێبەستکردنی بەخۆڕایی لەگەڵ یانەکە.
 
ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، "گرێبەستە نوێیەکەی ڤینی هاندەری دیکەی زۆری تێدایە، کە پەیوەندی بە دەستکەوتی تاکانە و بەکۆمەڵەوە هەیە، وەک تۆمارکردنی ژمارەیەکی دیاریکراوی گۆڵ لە وەرزێکدا یان لەوەش گرنگتر، بەدەستهێنانی باڵۆندۆر یان خەڵاتی زە بێست".
 
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، "دیارترین وردەکاریی گرێبەستی نوێی ڤینی بریتییە لە مەرجەکانی نوێکردنەوە کە لەساتی واژۆکردنی گرێبەستەکەوە دەستپێدەکات، نەک لەو کاتەوە کە گرێبەستەکەی ئێستای کۆتایی دێت کە 2027ە، بەوەش ئەو یاریزانە لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، مووچە زیادکراوەکەی وەردەگرێت و 100 ملیۆن یۆرۆ بەدەست دەهێنیت تاوەکو ساڵی 2030".
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە ساڵی 2018ەوە لە یانەی ریال مەدرید یارییدەکات و تاوەکو ئێستا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، 108 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە