رووداو دیجیتاڵ
لەپێشهاتێکی نوێ و جێی سەرنجدا لەنێو یانەی ریال مەدرید، ئەوەی پێی دەگوترێت "دۆسێیەی ڤینیسیۆس" سەری هەڵداوە، ئەمەش دوای وەستانی دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە بەرازیلییەکە لەگەڵ یانەی شاهانە، هەرچەندە پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2030 نزیکە.
بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی رۆژنامەی زە ئاتلێتیکی بەریتانی، ناکۆکییەکی قوڵ لەنێوان ڤینیسیۆس و کارگێڕیی ریال مەدریددا هەیە و ناکۆکییەکە لەسەر بابەتی داراییە.
لەکاتێکدا یاریزانەکە ئێستا مووچەی ساڵانەی نزیکەی 10 ملیۆن یۆرۆی بێ باجە، ڤینیسیۆس داوای زیادکردنێکی بەرچاوی کردووە بۆ 30 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا لەگەڵ پاداشتەکان.
ڤینی راشکاوانە بە ریال مەدریدی گوتووە "دەبێت مووچەکەی لە مووچەی کیلیان ئێمباپێ زیاتر بێت". بەڵام کارگێڕیی ریال مەدرید پابەندە بە سیاسەتە داراییەکەیەوە و ئامادە نییە بچێتە ناو زیادکردنێکی لەو شێوەیەوە کە بودجەی یانەکە بخاتە مەترسییەوە.
سەرەڕای ئامادەییان بۆ باشترکردنی گرێبەستی یاریزانەکە، بەڵام هەوڵی دروستکردنی هاوسەنگی دەدەن لەنێوان ئەستێرەکانی تیپەکەدا وەک جود بێلینگهام، کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاراستنی سەقامگیریی دارایی یانەکە.
گرێبەستی ئێستای ڤینیسیۆس، کە تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت، تا راددەیەک ئارامی بەیانەکە دەبەخشێت، بەڵام نیگەرانییەکان لەئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە ناشارێتەوە.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک دەنگ لەناو یانەکەدا پێیانوایە کە قبوڵکردنی دەستەوارەیەکی گەورە لەم هاوینەدا لەوانەیە بژاردەیەکی باشتربێت لەوەی مەترسیی رۆیشتنی بەخۆڕایی لەساڵی 2027 بکەن لەگەڵ پاداشتێکی گەورەی واژۆکردن بۆ یانەیەکی دیکە، کە ئەمە سیناریۆیەکە یانەکە هەوڵ دەدات خۆی لێ بەدوور بگرێت.
لەسەر ئاستی وەرزشی، ڤینیسیۆس رووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبێتەوە، چونکە ئاستی لە وەرزی رابردوودا پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. چیدی ئەو یاریزانە یەکلاکەرەوەیە نییە کە لە وەرزەکانی پێشوودا دەدرەوشایەوە، ئەمەش وایکردووە لە پێشبڕکێی تۆپی ئاڵتوونی دوور بکەوێتەوە، کە ساڵی رابردوو پاڵێوراوێکی بەهێزبوو بۆی.
تەنانەت بەهۆی ئاستە ناجێگیرەکەی خەریکبوو پێگەی سەرەکیی لە پێکهاتەکەدا لەدەستبدات لە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکاندا بەرامبەر پاریس سانجێرمان، ئەگەر پێکانەکەی ترێنت ئەلێکساندەر-ئارنۆڵد نەبووایە کە پلانەکانی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری گۆڕی.
سەرەڕای بەشداریکردنی لەو یارییەدا وەک باڵی راست، کە پۆستێکە ئارەزووی ناکات، ڤینیسیۆس لە گێمی دووەمدا گۆڕانکاریی پێکرا، لەکاتێکدا نیشانەکانی ناڕەزایەتی لێی دیاربوون، ئەمەش لەناو یانەکەدا وەک ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی گرژی لەنێوان یاریزانەکە و راهێنەر و کارگێڕیدا لێکدرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ