دەستکەوتە داراییەکانی بارسێلۆنا لەبردنەوەی نازناوی لالیگا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن لالیگا یانەی بارسێلۆنا داهات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگای وەرزی ئەمساڵەوە، گەشانەوەیەکی دارایی زۆر باش بەخۆوە دەبینێت، لە کاتێکدا یانەکە لە هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی خۆی بەردەوامە.
 
بارسێلۆنا بەهۆی بردنەوەی کلاسیکۆوە لە ریال مەدرید بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، نازناوی ئەمساڵی لالیگای مسۆگەرکرد. میدیای ئیسپانیا دەڵێن ئەو نازناوە بووژانەوەیەکی گەورە بەخەزێنەی یانەکە دەدات.
 
سەرچاوە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، بارسێلۆنا بەهۆی بەدەستهێنانی ریزبەندی یەکەم لە کۆی بیست یانەی بەشدار لە لالیگا، زۆرترین پارە لە کۆی گشتیی ئەو پارەیە وەردەگرێت کە بۆ ئاستی وەرزشیی یانەکان دانراوە و پشکی بارسا 17لەسەدی پارەکەیە.
 
بارسا لەو بەشەدا لە نێوان 57 تاوەکو 60 ملیۆن یۆرۆی تەنیا بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوەکەوە دەستدەکەوێت، نزیکەی شەش تاوەکو حەوت ملیۆن یۆرۆ لە خاوەنی پلەی دووەمی خولەکە، زیاتر وەردەگرێت.
 
جیاوازیی ئەو بڕە پارەیەی لە نێوان خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی ریزبەندی لالیگادا هەیە، هاوکاریی زۆری بارسا دەکات،  لە چارەسەرکردنی بەشێکی بەرچاو لە کێشەی بنمیچی مووچە و بودجەی یانەکەدا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان.
 
لەگەڵ ئەژمارکردنی ئەو داهاتە جێگیرەدا کە هەموو یانەکان بەیەکسان وەریدەگرن، جیا لەو بەشەی پەیوەندی بە گەلویستیی هاندەران و ژمارەی لایەنگرانەوە هەیە، کە لەوەشدا بارسا لە هەمووان سوودمەندترە بەهۆی ژمارەی زۆری هاندەرەکانی، کۆی داهاتی تەلەڤیزیۆنیی یانەکە بەئاسانی بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ لە وەرزەکەدا تێدەپەڕێنێت.
 
کاریگەرییە داراییە راستەقینەکەی نازناوەکە هەر لەوەندەدا کۆتایی نایەت. بەشێوەیەکی گشتی، دەکرێ نازناوەکە کۆی 60 تاوەکو 90 ملیۆن یۆرۆ داهاتی راسەوخۆ بەتەنیا لە بردنەوەی نازناوەکە بەیانەکە بدات.
 
بارسا، بەهۆی مسۆگەرکردنی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو، تەنیا وەک پاداشتی گەیشتنە پاڵەوانێتییەکە، بڕی 18 ملیۆن یۆرۆی دیکەی بۆخۆی مسۆگەرکردووە.
 
وەک سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن، ئەگەر بارسا کەبەهۆی نازناوی لالیگاوە گەیشتووەتە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو، لە پاڵەوانێتییەکەدا هەنگاوی زیاتر بنێت و بگاتە قۆناخەکانی کۆتایی، 50 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەردەگرێت.
 
کۆی گشتیی ئەو داهاتانەی یانەکە بەهۆی نازناوی لالیگاوە دەستی دەکەون، هاوکاردەبن لەوەدا کە بارسا هەنگاوی گەورە بۆ چارەسەربوونی کێشە داراییەکانی بنێت و توانای گرێبەستکردنی گەورەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە