نەورۆز دەیەوێت قەرەبووی دۆڕان بکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی نەورۆز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدوای ئەنجامێکی ئەرێنیدا دەگەڕێت، کاتێک بەرامبەر یانەی کارەبا یاریی دەکات.
 
نەورۆز لە یاریی رابردوودا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە یاریگای خۆیدا بە یانەی شورتە دۆڕا و ئەم ئێوارەیە رووبەڕووی یانەی کارەبا دەبێتەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە و قەرەبووکردنەوەی دۆڕانیان لە یاریی رابردوودا.
 
نەورۆز لەم یارییەدا بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی نێتۆ ئاکارا، هێرشبەر و گۆڵکاری یانەکە و محەممەد حایک بێبەش دەبێت، بەڵام تیپەکەی وەلی کەریم چاوی لە بردنەوەیە.
 
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز پێش یارییەکە دەڵێت "یاریی بەرامبەر کارەبا بۆ هەردوو تیپەکە گرنگە، دەچینە یاریگا بۆ ئەوەی قەرەبووی دۆڕانی بەرامبەر شورتە بکەینەوە و سێ خاڵ ببەینەوە".
 
راهێنەری نەورۆز زیاتر گوتی "کارەبا دەیەوێت خۆی لە ناوچەی دابەزین دووربخاتەوە و ویستی بردنەوەی خاڵەکانی یارییەکەی هەیە. یارییەکە بۆ هەردوو تیپ زەحمەت دەبێت، یارییەکی کراوە دەبێت و ئەو یانەیەی سوود لە هەلەکان وەربگرێت سەردەکەوێت".
 
 
نەورۆز ئێستا دەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و 47 خاڵی هەیە، کارەبا لە پلەی شازدەیەمە بە 34 خاڵ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە