مانچێستەر سیتی گرێبەستێکی گرانبەهای راگەیاند

11-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تیجانی رایندەرز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی تیجانی رایندەرز، ئەستێرەی هۆڵەندی و یانەی ئەیسی میلانی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
مانچێستەر سیتی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا نووسیوویەتی "بەخۆشحاڵییەوە گواستنەوەی تیجانی رایندەرز بۆ پێنج ساڵ رەدەگەیێنین."
 
یاریزانەکە تەمەنی 26 ساڵە، هەرچەند مانچێستەر سیتی ئاماژەی بە نرخی گواستنەوەی یاریزانەکە نەکردووە، بەڵام میدیای بەریتانیا دەڵێت "ئەو یاریزانە بەرامبەر 70 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکەوە کردووە."
 
رایندەرز لە هۆڵەندا یاریی بۆ یانەکانی زڤۆلە و ئەلکمار کردووە و لە 2023 پەیوەندیی بە یانەی ئەیسی میلانەوە کرد، یاریزانەکە لە وەرزی رابردوودا بەباشترین یاریزانی خولی ئیتاڵیا دەستنیشانکرا و لە وەرزی نوێدا بەدرێسی یانەی مانچێستەر سیتییەوە دەردەکەوێت.
 
تیجانی ئینگلیزییەکی پاڕاو دەزانێت و بە ماڵپەری یانەی مانچێستەر سیتیی گوت "زۆر دڵخۆشم بە واژۆکردنی گرێبەستەکەم لەگەڵ مانچێستەر سیتی، سیتی یەکێکە لە یانە گەورەکانی جیهان، باشترین راهێنەری هەیە و لەسەر ئاستی جیهانیش خاوەنی یاریزانی زۆرباشە، لەسەردەمی پێپ گواردیۆلادا یانەکە چەندین نازناوی بەدەستهێناوە، دەمەوێت یارمەتیدەر بم بۆ بەردەوامبوون لە بردنەوەی نازناو و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر لە ساڵانی داهاتوودا."
 
یاریزانە نوێیەکەی مانچێستەر سیتی دەڵێت "بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دەستپێکردنم و دەمەوێت پێشانی هاندەرانی مانچێستەر سیتی بدەم کە دەتوانم چی بکەم."
 
ئەمە چوارەم گرێبەستی یانەی مانچێستەر سیتییە لەم هاوینەدا، دوای گواستنەوەی هەریەکە لە ئایت نوری، رەیان شێرکی و مارکۆس بێتینێلی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە