رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕ بەتەواوی لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نزیکبووەتەوە و تەنیا ماوە کریستیانۆ بگەڕێتەوە سعودیە.
دوای ئەوەی نەیشنسلیگیان بردەوە، رۆناڵدۆ لەبارەی داهاتووی خۆیەوە گوتی "هیچ شتێک نەگۆڕاوە و لە نەسڕ دەمێنمەوە." پێشتریش رایگەیاندبوو، زۆر یانە داوایانکردووە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات، بەڵام بەشداری ناکات.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە ریاز و بەفەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ نوێ دەکاتەوە.
گرێبەستی نوێی دۆن لەگەڵ یانە سعودییەکە بۆ یەک وەرز دەبێت و بژاردەی نوێکردنەوەشی بۆ وەرزێکی دیکەی لەگەڵە.
نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، جیاواز و سەرنجڕاکێش دەبێت و لە شوێنێکی زۆر تایبەتی گەشتاریی سعودیە رێوڕەسمی تایبەتی بۆ رێکدەخرێت، بەڵام ناو و وردەکارییەکانی شوێنەکە ئاشکرا نەکراون.
دوای ئەوەی نەسڕ وەرزێکی سفریی بەڕێکرد، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە داوایکردووە پێکهاتەیەکی پڕ لە ئەستێرە و یاریزانی باش بۆ وەرزی داهاتوو هەبێت و داوای گەرەنتیی رکابەریکردنی کردووە بۆ مانەوە لە یانەکەدا.
مووچەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕ 200 ملیۆن یۆرۆیە لە ساڵێکدا، چاوەڕواندەکرێت بە هەمان مووچە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام وردەکاریی نوێی بۆ زیادبکرێت.
یانەی هیلالی سعودی هەوڵیدەدا رۆناڵدۆ رازیبکات بۆ ئەوەی بۆ مۆندیالی یانەکان پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، بەڵام دۆن ئەوەی رەتکردەوە، لەکاتێکدا هیلال لە یەکەم یارییدا لە مۆندیالی یانەکاندا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید یاری دەکات، پاشان رووبەڕووی سالزبۆرگ دەبێتەوە و پاشانیش بەرامبەر یانەی پاچوکای مەکسیکی یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ