ڤیدیۆ؛ کاردانەوە و پەیامی مێسی دوای بردنەوەی کۆپا ئەمریکا

11-07-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی کۆتایی بە خەونی چەند ساڵەی هێنا و یەکەم نازناوی لە مێژووی یارییکردنیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بردەوە، دوای ئەوەی بوونە پاڵەوانی کۆپا ئەمریکای 2021
.

مێسی لە پاڵەوانێتییەکەدا بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە، 5 ئاسیستی هەبوو کە زۆرترینە لە پاڵەوانێتییەکەدا، هەروەها بەباشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەش دیارییکرا.

لە یاریی کۆتاییدا ئەرجەنتین بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی بەرازیلی میوانداری پاڵەوانێتییەکەی بردەوە، گۆڵەکەش لەلایەن ئانخێل دیماریاوە تۆمارکرا.

دوای یارییەکە و لەگەڵ لێدانی فیکەی کۆتاییهاتنی یارییەکە، مێسی بە گریانەوە ئاهەنگی گێڕا، هۆکاری گریانەکەشی بردنەوەی یەکەم نازناوی بوو بەدرێسی
هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، بەمەش وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆ و رەخنانەی دایەوە کە دەیانگوت، مێسی لە دەرەوەی بارسێلۆنا هیچی بۆ ناکرێت و ناتوانێت سەرکردایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات بۆ بردنەوەی نازناوەکە.

دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە سەرجەم یاریزانەکانی ئەرجەنتین بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە رایانکردە لای مێسی و پێکەوە ئاهەنگیان گێڕا.

مێسی دوای بردنەوەی نازناوی کۆپا ئەمریکا بۆ رۆژنامەڤانان قسەیکرد و گوتی " پێویستبوو لەم شۆکە بێینە دەرەوە و دەستکەوتێکی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی ببەمەوە، لەکاتێکدا چەندینجار زۆر نزیکبوومە، پێموایە هیچ ساتێک لەم کاتە خۆشتر نییە ".

مێسی دەڵێت " زۆر خۆشحاڵم بەبردنەوەی ئەم نازناوە و چەندینجار خەونم بەوەوە بینیوە، هەستدەکەم خوا ئەم ساتەی بۆ من شاردبووە، بەرامبەر بەرازیل، لە یاریی کۆتاییدا و لەسەر خاکی ئەوان ".

لیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " پێیان راگەیاندووم کە هەمووان دڵخۆشن و لە هەموو شوێنێک ئاهەنگ دەگێڕن، دەمەوێت سوپاسی گەلی رۆساریۆ بکەم بۆ ئەو رێزەی لە منیان گرت و وێنەی منیان لەسەر تاوەرەکان نەخشاندبوو ".



مێسی زیاتر گوتی " ئەم یارییە لە مێژوودا تۆمار دەکرێت، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کە بووینە پاڵەوانی کۆپا ئەمریکا، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە یارییەکە لە نێو خاکی بەرازیل بوو ".

ئانخێل دیماریا، خاوەنی گۆڵی بردنەوەی نازناوەکە بۆ تانگۆ لە دوای یارییەکە گوتی " دوای یارییەکە مێسی هاتەلام و سوپاسی کردم، منیش سوپاسیم کرد بۆ ئەوەی هاوکارییکردین لە پاڵەوانێتییەکەدا ".

 

مێسی دوای یەکلاکردنەوەی نازناوی کۆپا ئەمریکا بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لەنێو یاریگە دانیشت و راستەوخۆ پەیوەندیی بە ئانتۆنێلای هاوژینی کرد و خۆشییەکانی لەگەڵ ئەو و منداڵەکانی بەشکرد.

بەهۆی بردنەوەی نازناوی جامی شای ئیسپانیا لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، بردنەوەی خەڵاتی گۆڵکاری لالیگا، نازناوی کۆپا ئەمریکا، بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزان و گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە، ئێستا مێسی بەربژێری سەرەکییە بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین یاریزانی جیهان و خەڵاتی باڵۆن دۆر، کە لە ئەگەری بردنەوەی باڵۆن دۆردا دەبێتە خاوەنی 7 باڵۆن دۆر.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە