رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا)، هۆشداریی تووندی داوەتە بەرپرسانی تۆپی پێی ئیتاڵیا و هەڕەشەی لێوەرگرتنەوەی مافی میوانداریکردنی یۆرۆی 2032 و دوورخستنەوەی یانەکانی ئیتاڵیای لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان، لەنێویاندا چامپیۆنزلیگ کردووە.
رۆژنامەی 'کۆرێری دیلا سێرا'ی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، یوفا ناڕەزایەتیی تووندی پێشانداوە، لەسەر دەستنیشانکردنی کۆمیسیارێک بۆ سەرپەرشتیکردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، دووپاتیکردووەتەوە ئەو هەنگاوە، مافی میوانداریکردنی ئیتاڵیا بۆ یۆرۆی 2032 دەخاتە بەردەم مەترسیی لێسەندنەوە، تەنانەت بۆی هەیە سەربکێشێت بۆ بێبەشکردنی یانە نێوخۆییەکانی ئیتاڵیا، لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان.
لیژنەی ئۆڵۆمپیی ئیتاڵیا، بەبڕیارێک، کۆمیسیارێکی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەستنیشانکردووە و بەوەش بەکردەنی فیدراسیۆنەکەی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، لە کاتێکدا ئەوە پێچەوانەی یاساکانی یوفایە و کارەکە، بەدەستتێوەردانی سیاسی لە کاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا ئەژماردەکرێت.
هۆشدارییەکەی یوفا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئیزیۆ ماریا سیمۆنێلی، سەرۆکی دەستەی سێری ئا، بە ئەلیکساندەر چیفێرێنی گوتووە، لیژنەی ئۆڵۆمپیی ئیتاڵیا، ئەو هەنگاوەی ناوە و ئەوەش دژی یاساکانی یوفایە.
لیژنەی ئۆڵۆمپیی ئیتاڵیا دامەزراوەیەکی حکوومییە، لە کاتێکدا فیدراسیۆنی تۆپی پێ، دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و یوفا پێیوایە، دەستنیشانکردنی هەر کەسێک بۆ پۆستی نێو فیدراسیۆنەکە لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپییەوە، دەستوەردانی سیاسییە لە کاری فیدراسیۆنی تۆپی پێ و هاتنە ناوەوەی حکومەتی ئیتاڵیایە لە کارەکانی فیدراسیۆنەکەدا.
ئەگەرچی یوفا هێشتا بەفەرمی لای خۆیەوە هەڕەشەکانی بۆ ئیتاڵیا ئاشکرانەکردووە، بەڵام وەک میدیاکان دەڵێن، ئەوەی لە ئیتاڵیا کراوە، بەپێی یاساکانی یوفا، دەستتێوەردانی سیاسییە لەکاری فیدراسیۆنەکە و ئەگەری گەورە هەیە بۆ سزادانی.
یوفا سوورە لەسەرئەوەی نابێ هیچ دەستتێوەردانێکی سیاسی لە هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا هەبێت، کە بڕیارە رۆژی 22ی مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
ئەم تەنگژە نوێیە، هاوکاتە لەگەڵ ئاشکرابوونی سکانداڵێکی گەورەی ناوبژیوانان و لیژنەی ناوبژیوانانی ئیتاڵیا، کە پاش دەستلەکارکێشانەوەی گابریێلی گرافینای سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ هاتە ئاراوە، پاش چوونە دەرەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال.
دوای ئەو رووداوانە، وەزیری وەرزشی ئیتاڵیا، ئاندریا ئاپۆدی پەنای بردە بەر رێوشوێنی ئاوارتە، لە نێویاندا دەستنیشانکردنی کۆمیسیارێک لە دەرەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ، بۆ فیدراسیۆنەکە.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە دەڵێ، "ئەو سیناریۆیە دڵەڕاوکەیەکی قووڵی لای یوفا دروستکردووە". هۆشداری داوە لە هەر دەستتێوەردانێکی سیاسی لە کاروبارەکانی فیدراسیۆنەکە و گوتوویەتی ئەو هەنگاوە، وڵاتەکە دەخاتە بەردەم لێسەندنەوەی مافی میوانداریکردنی یۆرۆی 2032 کە بڕیارە بەهاوبەشی لەگەڵ تورکیا ئەنجامی بدەن.
بەپێی هەمان رۆژنامە، یوفا هەروەها هەڕەشەی دوورخستنەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای لە یۆرۆی 2032 کردووە، ئەمە جیا لە بێبەشکردنی یانەکانی ئیتاڵیا لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە، چامپیۆنزلیگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ