ئارسیناڵ و ئاتلێتیکۆ مەدرید.. لووتکەی ئەو گەورانەی تینوی نازناوی چامپیۆنزلیگن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ئاتلێتیکۆ مەدرید - ئارسیناڵ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئارسیناڵ و ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەمشەو لە یاریی چوونی یاریی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لە مەدرید رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەردوو یانە وەک گەورەترین ئەو تیپانە پۆلێن دەکرێن کە تاوەکو ئێستا دەستیان بە نازناوەکە نەگەیشتووە و ململانێ لەسەر نووسینەوەی ئەم مێژووە مەزنە دەکەن.
 
کاژێر 22:00ـی ئەمشەو، یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ میوانداریی یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دەکات. ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئارسیناڵ لە کاتێکدا دەگەنە ئەم قۆناخە، کە مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێویان لەم پاڵەوانێتییەدا هەبووە.
 
بەپێی ئامارەکان، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئارسیناڵ گەورەترین ئەو یانانەن کە هەرگیز نازناوەکەیان بەرز نەکردووەتەوە. یانە مەدریدییەکە سێجار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و ئارسیناڵیش جارێک.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە مێژووی خۆیدا سێ فیناڵی لە ساڵانی 1974، 2014 و 2016 دۆڕاندووە، بەتایبەت دوو شکستیان کە بەرامبەر ریال مەدرید بووە. لەبەرامبەردا ئارسیناڵ تەنیا یەکجار لە ساڵی 2006 گەیشتووەتە فیناڵ و بەرامبەر بارسێلۆنا شکستی هێنا. گەنەرز لەم وەرزەدا ئاستێکی سەرنجڕاکێش پێشکێش دەکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەئەنجامی 4-0 لە ئاتلێتیکۆ مەدریدیان بردەوە.
 
بەپێی میدیا وەرزشییەکان، ئارسیناڵ لەم وەرزەدا سوودێکی زۆری لە ئاستە بەرزەکەی دیکلان رایس، بۆکایۆ ساکا و مارتینێلی بینیوە. گۆڵە سەرنجڕاکێشەکانی دیکلان رایس و درەوشانەوەی مارتینێلی لە یارییە گەورەکاندا، ئارسیناڵی کردووەتە بەهێزترین بەربژێر بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی لە بوداپێست. هەروەها گواستنەوەی یۆکێرێش و مێرینۆ هێزێکی زیاتری بە پێکهاتەکەی میکێل ئارتێتا بەخشیوە.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید بە راهێنەرایەتی دیێگۆ سیمیۆنی دەیەوێت تۆڵەی شکستە گەورەکەی قۆناخی کۆمەڵەکان بکاتەوە و سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی خەونی بردنەوەی نازناوەکە بۆ هاندەرانی بەدیبهێنێت.
 
ئارسیناڵ لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا ئێستا تەنیا دوو هەنگاو دوورە لەوەی بۆ دووەمجار لە مێژوویدا بگاتە یاریی کۆتایی گەورەترین پاڵەوانێتیی ئەورووپا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە