بەفەرمی یاریگەی یارییەکەی بارسێلۆنا و ڤالێنسیا دیاریی کرا

11-09-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا خولی لالیگا یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی سەرپەرشتیاری لالیگا، رەزامەندیی کۆتایی لەسەر یاریگەی یاریی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ڤالێنسیا رۆژی  لە گەڕی چواری لالیگا لەسەر یاریگەی یۆهان کرۆف راگەیاند.
 
یاریگەکە لە شاری سانت جوان دیسپییە، جێگەی تەنیا شەش هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، دەستەیەک لە نوێنەرانی لالیگا سەردانی یاریگەکەیان کردووە، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو مەرجانەی هەفتەی پێشوو لەسەر یاریگەکەیان دانابوو، تاوەکو رێگە بدەن یارییەکەی لەسەر ئەنجام بدرێت.
 
یانەی بارسێلۆنا پێشتر رایگەیاندبوو یارییەکە لەسەر یاریگەی یۆهان کرۆیف ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەستەی لالیگا، هەواڵەکەی دووپاتنەکردبووەوە و چاوەڕێی دڵنیابوونەوە بوو لە رێوشوێنە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی لەپێناو رێگەدان بەئەنجامدانی یارییەکە لەسەر یاریگەکە.
 
لالیگا پێویستی کردووە کە بارسێلۆنا 24 کامێرای تایبەت بەڤار لە یاریگەکەدا دابنرێت، هەروەها کێشەی تەکنیکیی و بەتایبەت ئاوەڕۆی یاریگەکە بوونی نەبێت.
 
دەستەی لالیگا رایگەیاندووە، پاش دڵنیابوونەوە لە جێبەجێبوونی سەرجەم مەرجەکان، بارسێلۆنا دەتوانێت لەو یاریگەیە، یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا ئەنجام بدات.
 

یانەی بارسێلۆنا رۆژی یەکشەممە کاژێر 22:00 لە یاریگەی یۆهان کرۆیف میوانداریی یانەی ڤالێنسیا دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە