پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی وڵاتانی عەرەب لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

11-09-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی وڵاتانی عەرەب
A+ A-
رووداو هەولێر 

یەکێتیی پایسکلسواریی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی ئاشکراکرد و ئامادەکارییەکان بۆ کێبرکێکە دەستیانپێکردووە. 
 
هەڵبژاردەی عێراق لەسەر ئاستی کوڕان و کچان لە شاری سلێمانی دەستیان بە کەمپی راهێنان کردووە، کە بڕیارە کێبرکێی وڵاتانی عەرەب رۆژی 3ـی مانگی دەی ئەمساڵ دەستپێبکات و دە رۆژ دەخایەنێت.
 
یەکێتیی پایسکلسواریی عێراق بە هەواهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی شاری سلێمانی پاڵەوانێتییەکە لە شەقامی 100 مەتری دەکرێت کە شەقامێکی نوێی شارەکەیە. 
 
عەبدولقادر نوردەین، ئەندامی یەکێتیی پایسکلسواریی عێراق بۆ رووداو گوتی "دوای 45 ساڵ عێراق میوانداریی پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی وڵاتانی عەرەب بە بەشداری 9 هەڵبژاردە لە شاری سلێمانی دەکات، ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە و دەمانەوێت میواندارییەکی باش و سەربەرزانە بێت". 
 
یەکێتیی پایسکلسواریی عێراق سەرەتا بڕیاریدابوو پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب لە هەڵەبجە بەڕێوەببات، بەڵام دواتر کێبرکێکە بۆ شاری سلێمانی گواسترایەوە.
 
پێکهاتەی راهێنەر و یاریزانانی ئاستە جیاوازەکانی هەڵبژاردەی پایسکلسواریی عێراق بۆ پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب بریتین لە: 
 
پێشکەوتووان: فادی ئیبراهیم، راهێنەر لەگەڵ یاریزانان ئەحمەد موحەنناد عەبدولئەمیر، محەمەدعەلی حەمە، ئەحمەد عەبدولقادر، سەربەست عەبدوڵڵا و پەروان قاسم.
 
ئۆڵۆمپی: پێکهاتووە لە یاریزانان وەهبی سلێمان، سلێمان محەممەد، لەگەڵ راهێنەر تاریق سەعید. 
 
لاوان: یاریزانان مورتەزا حەیدەر، مستەفا سەفوان، موسا عەلی، فەرهاد هوشیار، یوسف جیهاد، سەیل جونەید پێکدێت و لەلایەن غەزال عەلییەوە راهێنەرایەتی دەکرێن.
 
تازەپێگەیشتووان: محەمەد رەزا راهێنەر، لەگەڵ یاریزانان فەریدون فەرهاد، عەممار ئیهاب، سەیف عەبد ئەلحەمزە، یوسف ئەحمەد، عەلی عیسام مەجید و ئوسامە ئیهاب.
 
کچان لاوان: یاریزانان نیا هادی، مریەم سەرمەد، ئەیا سەرمەد، رانیە مەلیک و راهێنەر هەدیر نەما. 
 
کچان پێشکەوتووان: داهات کاوە، فاتیمە حەیدەر، ئاڤان عەدنان و راهێنەر فەداح فازڵ.
 
لەنێو هەڵبژاردە جیاجیاکانی عێراق 8 یاریزان لەسەر ئاستی کوڕان و کچان کوردن، تاریق سەعید کە خەڵکی دهۆکە تاکە راهێنەری کوردی هەڵبژاردەکەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە