ئایا رۆناڵدۆ بووەتە موسڵمان؟

11-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئایینی ئیسلام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هێشتا خەڵکێکی زۆر بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن کە ئایا بەڕاست کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە بە موسڵمان، بەڵام نایەوێت ئاشکرای بکات؟ یان هەر خۆی بەهۆی بوونی لە سعودیە هەندێک نەریتی موسڵمانان فێربووە، یان لانیکەم وەک چاولێکەرییەک ئەنجامیان دەدات؟!.
 
وەڵامەکە بەڵێ بێت یان نەخێر، 3 دیمەن مشتومڕیان لەسەر موسڵمانبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دروستکردووە.
 
گفتوگۆکان لەسەر موسڵمانبوونی ئەستێرەی پورتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەردەوام مشتومڕێکی بەرفراوانی لەنێوان هەواداران و شوێنکەووتوانی ئەفسانەی تۆپی پێ و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی دروستکردووە.
 
هەرچەندە هیچ ئاماژەیەکی روون و فەرمی لەبارەی گۆڕینی ئایینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ئیسلام دەرنەکەوتووە، بەڵام هەندێک دیمەن هۆکاری ئەم مشتومڕە بەردەوامەن لەسەر ئەم خاڵە.
 
رۆناڵدۆ لە مانگی یەکی ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، کە بە گرێبەستێکی مێژوویی دادەنرێت بۆ خولی رۆشن و بووە یەکەم ئەزموونی ئەستێرەی پۆرتوگالی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەورووپا.
 
1 - دووبارە کردنەوەی وشەی 'بسم الله' پێش لێدان
 
رۆناڵدۆ چەندینجار دەرکەوتووە کە پێش لێدان بە وشەیەک قسەی دەکرد وەک ئەوەی بڵێت بسم الله. هەروەها دەرکەوتووە کە دەستەکانی بەرزدەکردەوە بۆ دوعاکردن لە کاتی لێدانی سزاکاندا.
 
ئەم دیمەنە دەرگای بۆ گریمانەکان لەسەر موسڵمانبوونی رۆناڵدۆ کردەوە، لەکاتێکدا لێوخوێنێکی بەرازیلی قسەکانی ئەستێرەی پۆرتوگالی بە ستایشکردنی خۆی و تواناکانی لێکدایەوە.
 
2 - لێدوانەکانی وەلید عەبدوڵڵا
 
وەلید عەبدوڵڵا، گۆڵپارێزی پێشووی یانەی نەسڕ، لێدوانی ورووژێنەری لەبارەی ئەگەری موسڵمانبوونی رۆناڵدۆ دا، دوای ئەوەی لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا پشتڕاستیکردەوە کە رۆناڵدۆ پێشتر داوای لە راهێنەر کردووە مەشقەکان رابگرێت کاتێک گوێی لە بانگی موسڵمانان بووە.
 
گۆڵپارێزی پێشووی نەسڕ و هاوڕێی کریستیانۆ زیاتر گوتی "لەگەڵ رۆناڵدۆ قسەم لەسەر موسڵمانبوونی کرد و گرنگی پێدەدا. جارێک لە یاریگەدا کڕنۆشی موسڵمانانی بۆ خوا برد دوای گۆڵ تۆمارکردن و هەمیشە یاریزانان هان دەدات بۆ نوێژکردن".
 
3 - فۆلۆکردنی بانگخوازی ئایینی محەممەد ئیبراهیم
 
مشتومڕەکە لە کاژێرەکانی رابردوودا دووبارە سەریهەڵدایەوە سەبارەت بەم بابەتە، دوای ئەوەی رۆناڵدۆ چاودێری بەنێوبانگترین بانگخوازی موسڵمانی پۆرتوگالی محەممەد ئیبراهیمی کرد، کە لە لایڤەکانی سۆشیال میدیادا بە زمانی پۆرتوگالی وانەکانی ناساندنی ئیسلام پێشکێش دەکات.
 
ئەم هەنگاوە کاردانەوەی گەورەی لەلایەن هەوادارانی رۆناڵدۆوە لێکەوتەوە، بەتایبەتی کە بانگخوازی ئایینی محەممەد ئیبراهیم بە بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام ناسراوە، ئەمەش جارێکی دیکە دەرگای گریمانەکانی لەسەر موسڵمانبوونی رۆناڵدۆ کردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە