ئێمباپێ.. چارەسەری بەجێهێشت و بەپەلە خۆی گەیاندە جەدە بۆ ئەوەی 8 جار قاچی بەر تۆپ بکەوێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن کلاسیکۆ کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەشتی کیلیان ئێمباپێ بۆ سعودیە بەر لە یاریی کلاسیکۆ، مایەی دڵخۆشیی بوو بۆ هاندەرانی ریال مەدرید، بەڵام کاریگەرییەکەی لە تەنیا هەشت تۆپ بەر قاچ کەوتندا کورت بووەوە.
 
ئێمباپێ بەهۆی پێکان و بەردەوامبوون لە وەرگرتنی چارەسەری، لەگەڵ شاندی ریال مەدرید گەشتی سعودیەی نەکرد، بەڵام سەرکەوتنی تیپەکەی بۆ یاریی کۆتایی جامی سوپەر، لە پاشبردنەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، وایکرد کیلیان بەپەلە گەشتی سعودیە بکات.
 
ئەگەرچی ئێمباپێ بەشداریی لە مەشقەکانی ریال مەدرید بەر لە کلاسیکۆ کرد، بەڵام تاوەکو دوایین بیست خولەکی یارییەکە بەشداریی لە کلاسیکۆدا نەکرد.
 
سەرچاوەکان دەڵێن ئێمباپێ لەلایەن چابی ئەلۆنسۆوە بانگهێشتی جەدە کرابوو، لەپێناو بەشداریکردن لە کلاسیکۆ و ئامادەبوون لە پاڵپشتیی هاوڕێکانی.
 
ئەلۆنسۆ دوای سەرکەوتنی تیپەکەی بۆ یاریی کۆتایی جامەکە، رایگەیاند ئێمباپێ دەگاتە لای تیپەکە لە جەدە و دەکرێ بەشداریی لە یاریی کۆتایی جامەکەدا بکات، پاشئەوەی راگەیێنرابوو بەهۆی پێکانەوە سێ هەفتە لە یارییکردن دادەبڕێت.
 
کیلیان لە دوای دوو خولەک لە گۆڵی سێیەمی بارسا و لە دوایین 20 خولەکی یارییەکەدا بەشدارییکرد، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی بەسەر ئەنجامی یارییەکەوە نەبوو، بەڵکو نائامادەییەکی زۆری پێوە دیاربوو، لە کۆی ماوەی یارییکردنیدا تەنیا هەشت جار تۆپ بەر قاچی کەوت و جارێک لە دەستیدا.
 
تاکە کاریگەریی ئێمباپێ لە یارییەکەدا، بوونی بوو بەهۆکاری دەرکردنی فرێنکی دی یۆنگ بەکاری سوور لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا، پاشئەوەی بەتووندی لە کیلیانیدا، بەڵام ئەو دەرکردنەش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەنجامی یارییەکە نەبوو.
 
ئێمباپێ وێڕای دەرنەکەوتنی بەئاستێکی باشەوە لە ماوەی یارییکردنیدا، بەڵام گۆڵکەری ئەمساڵی لالیگا و ریال مەدریدە، 29 گۆڵی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمارکردووە و 5 ئەسیستی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە