ریال مەدرید ئەوەی بۆ رۆناڵدۆ و رامۆس و کاسیاسی نەکرد بۆ کۆرتوا دەیکات

12-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تیبۆ کۆرتوا ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید بەنیازە سەرپێچی یاسایەکی بکات لەپێناو پێشکەشکردنی گرێبەستێکی نوێ بە تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی، بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆرتر لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت.
 
کۆرتوای تەمەن 32 ساڵ، تاوەکو هاوینی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هەیە، بەمەش لە دوایین ساڵی کاروانی لەگەڵ یانەکەی نزیک دەبێتەوە.
 
بەپێی بەرنامەی ئێل چیرینگویتۆی ئیسپانی، ریال مەدرید دەستەوارەیەکی نوێ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کۆرتوا ئامادە دەکات، کە بەهۆیەوە تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2028 لەگەڵ مێرینگێ بەردەوام دەبێت، لەو کاتەدا گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە تەمەنی 36 ساڵ دەبێت.
 
ریال مەدرید هێشتا کۆرتوا وەک گۆڵپارێزی یەکەمی تیپەکەی دەبینێت، سەرەڕای ئەو پێکانانەی لەم وەرزە و وەرزەکانی رابردوودا تووشیان بووە. بۆیە ریال مەدرید لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەستەوارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەش بە گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە دەکات
 
هەرچەندە لە ریال مەدرید یاسایەک هەیە، کە ساڵانە گرێبەستی یاریزانانی سەروو 30 ساڵان نوێ دەکاتەوە، واتا هەر یاریزانێک ئەگەر تەمەنی گەیشتە سەروو 30 ساڵی، دەکرێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام لە ساڵێک زیاتر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا یانەکە بەنیازە سەرپێچی ئەو یاسایەی بکات لەپێناو هێشتنەوەی کۆرتوا.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە پێشتر ریال مەدرید ئامادە نەبووە ئەو یاسایە بۆ هیچ ئەفسانەیەکی بشکێنێت، نە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نە ئیکەر کاسیاس و نە سێرخیۆ رامۆس و زۆری دیکەش، ئەگەرچی بەر لەوەی ریال مەدرید بڕیار لە چارەنووسی رۆناڵدۆ بدات، یاریزانەکە خۆی داوای رۆیشتنی کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە