رووداو دیجیتاڵ
دوای یاریی کلاسیکۆ، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بۆ خولەکێکیش نەوەستاوە و راستەوخۆ بڕیاری دەرکردنی یاریزانێکی داوە.
یارییەکەی ئیل کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید لەگەڕی 35ـی خولی ئیسپانیا تەنیا رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گۆڕا بۆ بوومەلەرزەیەکی تووندوتیژی تۆپی پێ کە تیپی شاهانەی ناسەقامگیر کرد و ئاژاوەیەکی بەرفراوانی لەنێوماڵیدا دروستکرد.
بارسێلۆنا بەسەرۆکایەتی لامین یامال ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکرد و سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەئەنجامی 4-3 بەدەستهێنا و بەشێوەیەکی کاریگەر کۆتایی بەخەونی ریال مەدرید هێنا بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی لالیگا.
بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی یانەکە، کەش و هەوای نێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید دوای یارییەکە گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە و گرژی لەنێو یاریزانەکانیدا روویداوە، بۆیە کارگێڕیی یانەکە بەسەرکردایەتی فلۆرێنتینۆ پێریزی سەرۆکەکەی، لەئێستاوە دەستیکردووە بەبڕیاردانی چارەنووسساز سەبارەت بەداهاتووی چەند یاریزانێکی سەرەکی نێو پێکهاتەکە، دوای ئەوەی دەرکەوت کە هەندێک یاریزان چیدی توانای رووبەڕووبوونەوەی گوشارەکانی یارییە گەورەکانیان نەماوە.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن دیارترین ئەو یاریزانانە لوکاس ڤاسکێزە، کە فلۆرینتینۆ پێرێز دوای تەواوبوونی یارییەکە، کە لە مەدریدەوە سەیری دەکرد، بۆ یەک خولەکیش نەوەستاوە و راستەوخۆ بڕیاری دەرکردنی ئەو یاریزانەی داوە.
هەڵە دووبارەکانی ڤاسکێز بەرامبەر بارسێلۆنا، بەتایبەت لەژێر گوشاری یاریزانانی وەک لامین یامال و رافینیا، وایکردووە ببێتە جێگەی رەخنەی تووند لەنێو یانەکەدا. ئاستە کارەساتبارەکەی لە ئیلکلاسیکۆدا کە دوای دابەزینی بەردەوامی ئاستی بەدرێژایی وەرزەکە هات، وایکرد دەستەی کارگێڕیی و فلۆرێنتینۆ پێرێز بەجددی بیر لە فرۆشتنی بکەنەوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەم واقیعە، وا دەردەکەوێت کە بارسێلۆنا و یاریزانەکانی بەسەرۆکایەتی لامین یامال نەک هەر سێ خاڵی بەنرخیان لە کێبڕکێی نازناوەکەدا دەستەبەرکردووە، بەڵکو سەرکەوتوو بوون لەناسەقامگیرکردنی نێوماڵی رکابەرە هەمیشەییەکەیان و هەڵگیرساندنی قەیرانێک لەنێو ریزەکانیاندا کە لەوانەیە تێڕوانینی تیپەکە لە وەرزی داهاتوودا بگۆڕێت.
کلاسیکۆ بەڕوونی پێویستی تیپەکەی بۆ بەهێزکردنی پێگەی بەرگریکاری راستی خۆی نیشان دا، دوای ئەوەی لوکاس ڤاسکێز لە کاتی یارییەکەدا زنجیرەیەک هەڵەی کوشندەی ئەنجامدا. ئاستەکەی بەرامبەر بارسیلۆنا کورتەیەک بوو لە وەرزە نائومێدکەرەکەی، ئەمەش وایکرد کارگێڕیی پێرێز بەجددی بیر لە دەستبەرداربوون لە چەند یاریزانێک بکاتەوە، بەتایبەتی ڤاسکێز، نەخاسمە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆندیالی یانەکان.
ماوەی گرێبەستی لوکاس ڤاسکێز لە 30ـی6ـی2025 کۆتایی دێت و لە سەرەتای مانگی یەکەوە ئازاد بووە لە ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە، بەڵام ئەو دانوستاندنی لەگەڵ هیچ یانەیەک نەکردووە بەهیوای مانەوە لە ریزەکانی مێرینگێدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ