بایرن میونشن بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ هاری کەین راگەیاند

12-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هاری کەین بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی هاری کەین، هێرشبەری بەنێوبانگی ئینگلیزی و یانەی تۆتێنهامی بۆ ریزەکانی راگەیاند.
 
دوای چەندین رۆژ گفتوگۆی دوور و درێژ، هەردوولا لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە گەیشتنە رێککەوتن، رۆژی هەینی هاری کەین گەیشتە میونشن، شەوی رابردوو پشکنینە پزیشکییەکانی تێپەڕاند و ئەمڕۆش بەفەرمی واژۆی لەسەر گرێبەستەکەی کرد.
 
گرێبەستی شازادە هاری لەگەڵ بایرن میونشن تاوەکو ساڵی 2027 دەبێت، بەرامبەر 100 ملیۆن یۆرۆ واژۆکرا و 20 ملیۆن یۆرۆش وەک گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەدا دانراون.
 
هاری کەین دوای پەیوەندیکردنی بە بایرن میونشنەوە دەڵێت "زۆر دڵخۆشم کە ئێستا بەشێکم لە بایرن میونشن، بایرن یەکێکە لە گەورەترین یانەکانی جیهان، هەمیشە گوتوومە دەمەوێت لە باشترین ئاستدا توانای خۆم پێشانبدەم، بایرن میونشن کەلتوری بردنەوەی هەیە و هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە لێرەم".
 
بۆ ماڵئاواییکردن لە هاندەرانی یانەی تۆتێنهام، هاری کەین نووسیوویەتی "زۆر زەحمەتە بتوانم وشە بدۆزمەوە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لەو یانەیە بکەم کە لە کاروانی یارییکردنمدا زۆری پێشکێشکردووم، هەمیشە لە دڵمدا دەمێننەوە، سوپاس تۆتێنهام، سوپاس بۆ هاندەرانی تۆتێنهام".
 
هاری لە ساڵێکدا 25 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە لە یانەی باڤاری وەردەگرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە