بایرن بەهێنانی کەین پەیامی گەڕانەوە و هەڵسانەوە بە ئەوروپییەکان دەدات

12-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هاری کەین بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی و داواکاریی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا، دەستپێوەگرتن و دەستلێبەرنەدان و جەنگی دەروونیی و کەلەرەقی، لە کۆتاییدا تۆتێنهام وازی لە خووە هەمیشەییەکەی خۆی هێنا و دەستبەرداری هاری کەینی هێرشبەر بوو.
 
کەین کە لەسەرەتای دەرکەوتنییەوە یەکێکبوو لە هێرشبەرە سەرەڕمە درەوشاوە و دیارەکانی ئینگلتەرا، لە دوای بوونی تەمەنی بە سی ساڵ، ئینجا توانی دەستبەرداربوونی یانەکەی بەدەست بهێنێت و لەگەڵیدا جەنگی هەوڵدانی درێژخایەنی بایرن میونشن بەدرێژایی هاوینی ئەمساڵ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کەین، کۆتایی پێ بێنێت.
 
گرێبەستکردنی کەین لەگەڵ بایرن میونشن، جیا لەوەی دەرگای گۆڕانکاریی گەورە لە ژیان و یاریکردن و دەرکەوتنی ئەو یاریزانەدا دەکاتەوە، بۆ بایرن میونشنیش بەشێکی دیکەی ئەو گۆڕانکارییانە دەبێت کە لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا یانەکە، بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسەکانی دەستیپێکرد.
 
کەین وەک هێرشبەر، ساڵانێکی زۆر لەسەر ئاستی پرێمەرلیگ و هەڵبژاردەی ئینگلتەراش درەوشاوەتەوە، ناوێکی گەورە و یاریزانێکە داخوازی زۆری لەسەربوو، بەتایبەت کە دونیای ئێستای تۆپی پێ، دەرکەوتن و درەوشانەوەی هێرشبەران تێیدا، کەم و دەگمەنە.
 
بایرن کە هاوینی ئەمساڵ گۆڕانکاریی گەورەی کردووە و دەیەوێت لە دۆخی گومان و ناڕەزایەتی هاندەرەکانی بێتە دەرەوە و گوشاری لایەنگرە باڤارییەکان بۆ سەری لەسەر وەرزی رابردووی یانەکە کۆتایی پێبهێنێت، بەهێنانی هاری کەین دەیەوێت پەیامی گەڕانەوە و هەڵسانەوە بە رکابەرەکانی بدات، بەتایەت لەسەرئاستی دەرەوەی ئەڵمانیا کە باڤارییەکان ساڵانێکی زۆرە تێیدا باڵادەستن و رێگەی گەیشتنی یانەکانی دیکەیان بە نازناوی خولی بۆندێسلیگا بڕیووە.
 
گرێبەستکردن و هێنانی هاری کەین، بەتەنیا رێگەیەکی فەرشڕێژکراو بۆ بایرن میونشن خۆشناکات، بەڵکو بنمیچی خەون و ویست و داواکاریی هاندەرانی یانەکەش لە تیپەکە زۆر بەرەو سەر دەبات و گوشاری گەورەش لەسەر تۆماس توخێلی راهێنەر دروستدەکات.
 
توخێل کە وەرزی رابردوو پاش دەستبەکاربوونی لەگەڵ یانەکە، وێڕای بردنەوەی نازناوی بۆندێسلیگا، نەیتوانی جێدەستێک بە تیپەکەوە بەجێ بهێڵێت و گۆڕانکاری دروست بکات، ئێستا ئیدی پاشئەوەی زۆرینەی زۆری داواکارییەکانی لە هێنان و بەڕێکردنی یاریزانان جێبەجێکران و رۆژانی سەرەتای دەستبەکاربوون و ئاشنابوونی بە نهێنییەکانی کارکردن لە باڤاریا تێپەڕاند، پێویست دەبێت لەسەری بە ئەنجام و ئاست، بە بردنەوەی نازناوەکان و رکابەریکردن لەسەر دەستکەوتەکان، وەڵامی هەمووان بداتەوە و بۆیان دووپاتبکاتەوە، ئەو هەر ئەو راهێنەرەیە کە بەئاسانی تیپەکان بەرەو سەرکەوتن دەبات و دەیانباتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە