عوسمان دێمبێلی یاساکانی چاڤی پێشێل دەکات

12-11-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-
عوسمان دێمبێلی بووە یەکەم یاریزانی یانەی بارسێلۆنا کە یاساکانی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری نوێی یانە کەتەلۆنییەکەی پێشێل کرد.
 
تۆڕی هەواڵی "ئی ئێس پی ئێن"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە: "عوسمان دێمبێلی 3 خولەک لە وادەی دیاریکراو دواکەوت، بۆ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەی بەر لە راهێنانی نێوان راهێنەر و یاریزانانی یانەکە بکات، کە دەبوو دێمبێلی کاژێر 8:30 بەکاتی ئیسپانیا ئامادەبووایە، بەڵام کاژێر 8:33 خولەک ئامادەبوو، بەڵام بەپێی یاساکانی چاڤی دەبێت سەرجەم یاریزانان بە 90 خولەک بەر لە دەستپێکردنی راهێنانەکان ئامادەبن، هەروەها ستافی راهێنەرانیش بە دوو کاژێر بەر لە ئەنجامدانی راهێنانەکان لە کەمپی خوان گامبەر ئامادەبن".
 
دێمبێلی دەبێتە یەکەم یاریزان کە لەسەر دەستی چاڤی سزای ماددی بدرێت، ئەوەش دەکەوێتەوە سەر هەڵوێستی چاڤی کە تاوەکو ئێستا هیچی لەبارەی دواکەوتنی عوسمانەوە نەگوتووە.
 
میدیاکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا باس لەوە دەکەن: "چاڤی ئەو یاسایانەی داناوە هەرکەس جێبەجێی نەکات، دەبێت سزای ماددی بدرێت و چاوپۆشی لە هەڵە و کەمتەرخەمی هیچ کەسێکی نێو تیپەکەی ناکات، چونکە ئەو یاسایانەی بۆ یاریزانەکانی داناوە، خۆیشی پێوەی پابەند دەبێت".
 
یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەی سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ دێربی کەتەلۆنیا، کاتێک لە گەڕی چواردەیەمی لالیگا رووبەڕووی ئیسپانیۆل دەبنەوە کە بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەو یارییە ئەنجام بدرێت کە دەبێتە یەکەم یاری بۆ چاڤی وەکو راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا.
 
چاڤی هێرنادێز سەرەتای دەستبەکاربوونی وەکو راهێنەری نوێی بارسێلۆنا رایگەیاند کە 10 یاسای تایبەت بە یاریزانانی یانەکەی دەرکردووە، هەرکەس پابەندی ئەو یاسایانە نەبێت، بە بڕە پارەیەک سزادەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە