رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێک لە رادیۆی مارکا ئاشکرای دەکات کە یاریزانانی ریال مەدرید گەلەکۆمەکییان لە چابی ئەلۆنسۆی راهێنەریان کردووە و ئیستا گاڵتەی پێدەکەن. چەند یاریزانێک گرووپێکی واتسئاپیان داناوە و لەنێو خۆیاندا گاڵتە بە ئەلۆنسۆ دەکەن.
رۆژنامەڤان سێرجیۆ ڤالێنتین لە رادیۆی مارکا هەندێک زانیاریی سەرسوڕهێنەر لەبارەی دۆخی یانەی ریال مەدرید ئاشکراکرد و رایگەیاند "چوار یاریزانی گەورەی تیپەکە پیلانیان لەدژی چابی ئەلۆنسۆ داناوە و دەیانەوێت دەریبکەن".
وەک ئەو رۆژنامەڤانە باسی دەکات، ئەو یاریزانانە بووونەتە دژە ئەلۆنسۆ، لەبەرئەوەی راهێنەرەکە داوایان لێدەکات بەجددی کار بکەن و پابەندبن بە رێساکان!.
هەروەها دەڵێت "راهێنەر ڤیدیۆی درێژی هەڵەکانیان پیشان دەدات، بۆیە بێزاربوونە لەو کارەی ئەلۆنسۆ".
بەقسەی سێرجیۆ ڤالێنتین بێت "ئەو یاریزانانە گرووپێکی نهێنییان لە واتسئاپ داناوە بۆ گاڵتەکردن بە ئەلۆنسۆ". دەشڵێت "بە گاڵتەوە باسی ئەلۆنسۆ دەکەن و نووسیویانە وا دەزانێت گواردیۆلایە. زۆر قسە دەکات و زۆرتر لە پێویست کار دەکات"!
کارەساتەکە لێرە ناوەستێت، ئەوان رەتیان کردووەتەوە پلانەکانی جێبەجێ بکەن و بەئەنقەست هەوڵ دەدەن شکستی پێبهێنن لە ژووری جلگۆڕیندا.
رۆژنامەڤانەکەی مارکا، لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی ئەو یاریزانانەوە دەڵێت "خۆبەزلزانینیان گەیشتووەتە ئاستێک کە وا دەزانن دەسەڵاتیان بەهێزترە لە دەسەڵاتی خودی فلۆرێنتینۆ پێرێز!".
هەروەها دەڵێت "هەندێکیان پێیانوایە پارە و نێوبانگەکەیان وایلێکردوون گەورەتربن لە یانەکە. ئەمە لەکاتێکدایە کە تیپەکە لە ناوەوە پڕ بووە لەکوتلەکاری و دابەشبوون".
سێرجیۆ ڤالێنتین خراپتر باسی دۆخی یاریزانانی یانەی شاهانە دەکات و دەڵێت "هیچ دۆستایەتییەکی راستەقینە لەنێوان یاریزانانی ریال مەدریددا نییە، تەنیا بەرژەوەندی و پیلانگێڕی هەیە. ئەوان دەیانەوێت کێبڕکێ لەگەڵ تیپە گەورەکانی بواری تاکتیک و فیزیکی بکەن،
بەڵام بەبێ راهێنان، بەبێ ماندووبوون و بەبێ پابەندبوون!".
هەروەها دەشڵێت "ریال مەدرید لە پشت پەردەوە لە هەرایەکی بێدەنگدا دەژی، ئەوەی شاراوەتەوە گەورەترە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ