رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، رایگەیاند هیچ یاریزانێک شوێنی لە پێکهاتەی سەرکی تیپەکەیدا مسۆگەر نییە و گوتی "یاریکردن وەک یەک تیپ کلیلی سەرکەوتنی وەرزەکەمان دەبێت".
ئەمڕۆ کاژێر 10:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە گەڕی دووەمی لالیگادا دەبێتە میوانی ریال ئۆڤییدۆی تازە سەرکەوتوو بۆ خولەکە.
راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند کە وەرزەکەیان لەگەڵ دەستپێکردنی لالیگا دەستیپێکردووە و جامی جیهانی یانەکان لەسەریان هەژمار ناکرێت و گوتی "جامی جیهانیی یانەکان دۆخێکی جیاوازی هەبوو، بەلای منەوە وەرزەکەمان بە یارییەکەمان بەرامبەر ئۆساسۆنا دەستی پێکردووە. تەنیا یەک یاری بووە. ئامارەکانی پێشوو گرنگ نین. ئێستا هەموو یاریزانەکان گرنگن و پشت بەهەموویان دەبەستم".
ئەو لەبارەی پێکانی جود بێلینگهامیشەوە گوتی "کەمێک گەمژەییە ئەگەر وابیربکەمەوە کە بەدرێژایی وەرزەکە هیچ یاریزانێکم تووشی پێکان نابێت. پێویستە لەگەڵ پێکانەکاندا بژین، وەک ئێستا لەگەڵ جود، لەگەڵ ئێدواردۆ، لەگەڵ ئێندریک و مێندی. ئەمە لە داهاتووشدا روودەدات، بۆیە ناتوانین بۆ تەواوی وەرزەکە پشت بەهیچ یاریزانێکی سەرەکی ببەستین، یاریزانی وا بوونی نییە".
دووپاتیشیکردەوە "هیچ کام لە یاریزانەکان هەموو خولەکەکان یاری ناکەن. هەموویان بەنۆرە یاری دەکەن و خولەکی یاری بۆ هەموویان دەبێت. هەموویان رۆڵی خۆیان دەبێت".
سەبارەت بەوەی ئایا مێرکاتۆی ریال مەدرید کۆتاییهاتووە؟ ئەلۆنسۆ گوتی "من دڵخۆشم بە پێکهاتەکە وەک چۆن ئێستا هەیە، بەڵام لەم دۆخەدا دەبێت هەمیشە ئامادەی گۆڕانکاری بین. نازانم چی روودەدات، بەڵام من دڵخۆشم بە پێکهاتەکە وەک چۆن هەیە".
چابی ئەلۆنسۆ باسی رۆڵی کیلیان ئێمباپێشی کرد و گوتی "بابەتەکە پەیوەندی بە تیپەکەوە هەیە و کیلیان بەشێکی سەرەکیی تیپەکەیە. ئەو رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر یاریزانەکانی دیکە هەیە. پێویستە هەموو پارچەکان پێکەوە ببەستین و وەک یەک تیپ یاری بکەین بەو هەموو یاریزانە نایابانەی کە هەمانە، ئەوە کلیلی سەرکەوتنی ئەم وەرزە دەبێت، ئەوە ئەو شتەیە کە دەمەوێت گەورەترین خاڵی بەهێزیمان بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ