گەردەلوول بەڕێوەیە.. ئەلۆنسۆ پلانێکی جەهەننەمی بۆ زوو لەزەویدانی بارسا و ئاتلێتیکۆ داناوە

09-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید، بەردەوام کاردەکات، وەرزی ئێستای بەسەر چەند قۆناخێکدا دابەش دەکات و بەوردی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان دەکات، چونکە ئەو دەیەوێت هەرزوو باڵادەستی ریال مەدرید بەسەر لالیگا و چامپیۆنزلیگدا بسەپێنێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، پلانی ئێستای ئەلۆنسۆ لەسەر بەرزکردنەوەی رێژەی کارکردن لەناو تیپەکەدا چڕکراوەتەوە و لەم هەفتەیەوە تا 5ـی مانگی داهاتوو، کاتی گەڕانەوەی هەفتەی فیفای داهاتوو.
 
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە "ریال مەدرید 7 یاری گرنگ لە ماوەی 23 رۆژدا ئەنجام دەدات و ئالنگارییەکە تەنیا پەیوەندی بە بەهای یارییەکانەوە نییە، سەرەڕای هەبوونی یارییەکی لووتکەی وەک دێربیی مەدرید کە لە میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەدەچێت، بەڵکو پەیوەندی بە چۆنیەتی گونجاندنی تیپەکە هەیە لەگەڵ ریتمی یارییە یەک لە دوای یەکەکان هەموو سێ یان چوار رۆژ جارێک، و داڕشتنی تایبەتمەندییەکانی ئەو تیپەی کە راهێنەر دەیەوێت بیبینێت: چڕی، هاوسەنگی، و کارا لە ئەنجامەکاندا، جا لە خولی ئیسپانیا بێت یان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا".
 
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێت "ئەلۆنسۆ دەیەوێت وەرزەکە لە رێڕەوی دروستدا دابنێت لە رێگەی ئەم قۆناخە گرنگەوە.. حەوت یاری یەک لە دوای یەک ئاڵنگارییەکی سەخت پێک دەهێنن، بەتایبەتی دوای یاریی چوارەم کە دەرگا دەکاتەوە بۆ هەفتەیەکی گەرم کە یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دێربییەکە و گەشتێکی ماندووکەر بۆ ئەلماتی لە کازاخستان، پاشان میوانداریکردنی ڤیاریال لەخۆ دەگرێت".
 
ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیویەتی "دیمەنەکە پێش ئەوەش ئاسان نییە؛ سەردانێک بۆ ئەنۆیتا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال سۆسیداد (شەممە)، رووبەڕووبوونەوەی ئۆڵۆمپیک مارسیلیا لە چامپیۆنزلیگ (سێشەممە)، میوانداریکردنی ئیسپانیۆل، پاشان سەردانیکردنی یاریگای سیوتات دی ڤالێنسیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی لیڤانتی، پێش هەفتەی نوێی فیفا".
 
دابەشکردنی وەرزەکە بەسەر قۆناخەکاندا
 
ئەلۆنسۆ بەردەوامە لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورە لە رێگەی ئالنگارییە کورتەکانەوە کە بەسەر ژوورەکانی جلگۆڕیندا دەیسەپێنێت. بەو پێیەی وەرزەکەی بە قۆناخێکی بچووک لە سێ یارییەوە دەستپێکرد (ئۆساسۆنا، ئۆڤیێدۆ و مایۆرکا) کە تێیدا 9 خاڵی تەواوی بەدەستهێنا پێش یەکەم وەستانی نێودەوڵەتی.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە دووپاتیکردەوە کە ئەو ماوەیە وەک 'قۆناخێکی ئامادەکاری' وایە، بەڵام بە گوشاری کێبڕکێ تیپەکە لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بوو. هەر بۆیەش ئەم سەرکەوتنە خەڵاتی باشترین راهێنەری لالیگای بۆ مانگی ئاب پێبەخشی.
 
ئەلۆنسۆ سەرنجیشی لەسەر هاندانی دەروونییە، وەک ئەوەی دوای بردنەوەی 2-1 لە مایۆرکا کە کۆتایی بە زنجیرەی یارییە یەکەمەکان هێنا، گوتی "زانیمان کە سێ یاریی یەکەم گرنگن بۆ کێبڕکێ و گەشەکردن و داڕشتنی نەخشە رێگا.. ئێستا ئالنگاری نوێ دێت، بەڵام بەدەستهێنانی 9 لە 9 خاڵ شتێکی باشە. شتی ئەرێنی هەن و هەندێکی دیکە پێویستیان بە راستکردنەوە هەیە و کاریان لەسەر دەکەین".
 
ئەورووپا.. دەستپێکی نموونەیی بێ کەوتن
 
راهێنەری نوێی ریال مەدرید دەیەوێت بەخێرایی شوێنپێی خۆی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا دیاری بکات، وەک ئەوەی وەرزی رابردوو لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن کردی کاتێک تیپە ئەڵمانییەکەی بۆ بردنەوەیەکی گەورە 4-0 لە فاینۆرد رابەرایەتی کرد، پاشان بردنەوەیەکی 1-0 لە میلان لە بای ئارێنا، کە رێگەی پێدا لە سەرەتاوە کۆنترۆڵی کۆمەڵەکە بکات و خۆی لە گوشارەکان بەدوور بگرێت.
 
لە بەرامبەردا ریال مەدرید لە وەشانی رابردوودا بە سیستمی نوێ (خولێک لە یەک قۆناخ) تووشی زەحمەتی زۆر و کێشەی گەورە بوو، کاتێک لە گەڕی دووەمدا بە لیلی فەرەنسی دۆڕا و لە گەڕی چوارەمدا لە بێرنابیۆ بە میلان دۆڕا، کە دۆخی قورستر کرد تا نزیک بوو بلیتی گەیشتن لەدەستبدات پێش ئەوەی بەبردنەوەی 3-2 لە ئاتالانتا لە بێرگامۆ یەکلایی بکاتەوە.
 
لالیگا.. قۆستنەوەی شکستی رکابەرەکان
 
لە وەرزی رابردوودا ریال مەدرید 4 خاڵی زوو لەدەستدا بەرامبەر بە مایۆرکا و لاس پاڵماس لە یەکەم 3 گەڕدا، بەڵام ئێستا وێنەکە پێچەوانە بووەتەوە، چونکە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەستپێکێکی پڕ لە شکست دەژی، لەکاتێکدا بارسێلۆنا تەنیا یەک خاڵی لە ڤاییکانۆ بەدەستهێناوە بەهۆی درەوشانەوەی گۆڵپارێزی نوێی ناوازەی خوان گارسیا، کە ئەمانە نیشانەن، جا کاتی بن یان نا، ئەلۆنسۆ ئاواتەخوازە لەم قۆناخەدا سوودیان لێوەرگرێت، بۆ سەپاندنی باڵادەستییەکی زوو لە لالیگادا.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەلۆنسۆ زۆر بڕوای بەو قسەیە هەیە کە دەڵێت "هەرچی بەباشی دەستپێبکات، بەباشی کۆتایی پێدێنێت" و کار لەسەر جێبەجێکرجنی دەکات لەناو یاریگەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە