رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاری سانجێرمانی فەرەنسی دەیەوێت گرێبەستی عوسمان دێمبێلێ نوێبکاتەوە و یاریزانەکەش دەستەوارەیەکی یانەکەی رەتکردووەتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، یانەی پاریس سانجێرمان لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دەستەوارەیەکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکێشی عوسمان دێمبێلێ کردووە، بەڵام یاریزانەکە داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت مووچەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکرێتەوە.
بەپێی رۆژنامەی لێکیپ، نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە پێشینەی پلانەکانی یانە فەرەنسییەکەیە، دوای ئەوەش کار بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی هەریەکە لە سینی مایۆلۆ و برادلی بارکۆلا دەکات.
دێمبێلێ، دوایینجار لە 2018 گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێکردووەتەوە و گرێبەستەکەی تاوەکو 2028 بەردەوامدەبێت، یاریزانەکە مووچەی مانگانەی 1.5 ملیۆن یۆرۆیە و ساڵانە دەگاتە 18 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام ئەستێرە فەرەنسییەکە لە مووچەکەی رازی نییە، بۆیەش داهاتووکەی بەتەواوی روون نییە.
هەرچەند لەنێو کارگێڕیی پاریس سانجێرمان بۆچوونێک هەیە کە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە لەسەر کات وەستاوە، بەڵام ئەو یاریزانە دوای بردنەوەی باڵۆن دۆر چاوی لە مووچەیەکی بەرزترە، بۆیە دوای یەکلابوونەوەی چارەنووسی پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا رەنگە یانەکە هەنگاوەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتووی یاریزانەکە خێراتر بکات.
پێشتر ناسڕ خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان گوتبووی " لە یانەکە بنمیچی مووچە هەیە و بەرژەوەندیی تیپەکە و یانەکە لە هەموو شتێک گرنگترە." بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قسانەی سەرۆکی یانەکە رەنگە بنمیچی مووچە کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی نێوان یانەکە و یاریزانەکە دروستبکات.
میدیای فەرەنسا دەڵێت، یانەکانی ئینگلتەرا و سعودیە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی یاریزانەکە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی هێشتا هیچ دەستەوارەیەکی فەرمیان بۆ یاریزانەکە نەناردووە.
دێمبێلێ تاوەکو کۆتایی وەرز و دوای مۆندیالی 2026 چاوەڕێ دەکات و دوای ئەوە داهاتووی خۆی لەگەڵ پاریس سانجێرمان یەکلادەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ