ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆ هاندەرانی زاخۆ، عێراق و ئاسیا سەرسام دەکەن

13-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانەی زاخۆ
یانەی زاخۆ
نیشانەکردن یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە رۆژێکی تایبەتدا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی حدوود یاری دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەمڕۆ ئێوارە یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی حدوود یاری دەکات، یانەکە دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە کارەبای بردەوە، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی سێ خاڵی دیکە بباتەوە.
 
زاخۆ پێش ئەم یارییە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 56 خاڵ، بردنەوەی یارییەکە بۆ یانەکە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکی دەرەوە بەردەوامبێت، یانەی حدوود لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت دەست بەو هیوایەوە بگرێت کە بۆ مانەوە لە خولەکەدا ماویەتی.
 
دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە بەهۆی سزادانەوە لە دوو یاریی رابردووی یانەکەیاندا لە یاریگەی خۆیان نەیانتوانی ئامادەبن، ئەمڕۆ دوای کەمکردنەوەی سزای سەر یانەکە هاندەران دەگەڕێنەوە نێو یاریگە و یانەی زاخۆ یەکەم یاریی لەژێر سەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهد بە هاندەرەوە ئەنجامدەدات.
 
هاندەرانی زاخۆ بۆ یاریی ئەمڕۆیان بەرامبەر یانەی حدوود، چالاکییەکی جیاواز و سەرنجڕاکێشیان ئامادەکردووە، کە پێشتر لە خولی عێراقدا نەکراوە و یانە گەورەکانی وەکو ریال بێتیس و بێشکتاش و چەندین یانەی دیکە ساڵانە ئەنجامیدەدەن.
 
هاندەرانی زاخۆ هەزار یاریی منداڵانیان کۆکردووەتەوە و ئەمڕۆ لە خولەکی 5ـی یارییەکەدا، بەیەکەوە یارییەکان هەڵدەدەنە نێو یاریگە بۆ ئەوەی هاوکاریی منداڵانی نەخۆش بکەن.
 
هۆگر محەممەد، هاندەری یانەی زاخۆیە و بە رووداو گوت "چاوەڕواندەکەین، زیاتر لە 15 هەزار هاندەر لە یاریگە ئامادەبن و هەمووان یاریی منداڵانیان پێدەبێت و بەیەکەوە هەڵیاندەدەینە نێو یاریگە."
 
گرووپێکی خۆبەخشی هاندەرانی یانەی زاخۆ لە دەرەوەی کوردستان، 5 هەزار دیاریی منداڵانی کردووەتە دیاری و بەشداری لە چالاکییەکەی ئەمڕۆی یانەکەیاندا دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە