رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا هەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بە 100 خاڵ لە لالیگادا دەستپێدەکات و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی ئالاڤێش یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی لالیگادا، ئەمشەو پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەکە، دوای بردنەوەی نازناوەکە و سەرکەوتنی لە کلاسیکۆدا، هەنگاوەکانی بەرەو گەیشتن بە 100 خاڵ دەستپێدەکات.
بارسێلۆنا لە گەڕی رابردوودا بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک نازناوی خولەکەی بردەوە و دوو رۆژ لەمەوبەریش ئاهەنگی بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوەکە گێڕا.
لە یارییەکەی ئەمشەودا هاوشێوەی یارییەکانی رابردوو لامین یامال بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات و ئەم وەرزە بۆ ئەو کۆتاییهاتووە.
سەرەڕای ئەوەی بارسا نازناوەکەی بردووەتەوە و هانزی فلیک دەڵێت "ئامانجی نوێمان گەیشتنە بە 100 خاڵ لە وەرزەکەدا".
بلاوگرانا سێ یاریی لە لالیگادا ماوە، ئێستا بە 91 خاڵ پێشەنگ و پاڵەوانی خولەکەیە، پێویستی بەبردنەوەی هەرسێ یارییەکە هەیە بۆ ئەوەی بگاتە 100 خاڵ.
یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش، لە پلەی نۆزدەیەم و پێشکۆتایی ریزبەندی خولەکەیە، تیپەکە لە دۆخێکی خراپدایە و رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا دەکات، ئەوان 37 خاڵیان هەیە و سێ خاڵ لە پلەی سێزدەیەم و دوو خاڵ لە پلەی چواردەیەمەوە دوورن.
بلاوگرانا 11 یاریی رابردووی بەدوای یەکدا بردووەتەوە، شەش یاریی رابردووی لەسەریەک لە ئالاڤێش بردووەتەوە و لە 2016ـەوە بەرامبەر ئەم یانەیە نەدۆڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ