رووداو دیجیتال
یانەی ریال مەدرید بردنەوەیەکی قورس و زەحمەتی لە ئەندەلوس بەسەر یانەی گرانادادا تۆمارکرد و تەنیا یەک هەنگاوی دیکەی ماوە بۆ ئەوەی بێتە پاڵەوانی خولی ئیسپانی.
ریال لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی گرانادا، یارییەکەشی بە ئەنجامی دوو گۆل بەرامبەر بە گۆڵێک لێبردەوە، دوای ئەوەی رووبەڕووی تیپێکی تۆکمە و مەترسیدار بووەوە بەڵام لە کۆتاییدا بەسەریدا زاڵبوو.
نیوەی یەکەم ریال مەدرید هەردوو گۆڵەکەی خۆی لە رێگەی فێرلان مێندی و کەریم بنزیماوە تۆمارکرد، گۆڵەکەی مێندی یەکەم گۆڵی ئەو یاریزانە بوو لەم وەرزەدا کە بە لێدانێکی بەهێز و جوان تۆماریکرد، گۆڵەکەی بنزیماش گۆڵی ژمارە 19 بوو لەم وەرزە و دووەمی گۆڵکارانی لالیگایە و سی گۆڵ لە مێسی پێشەنگەوە دوورە.
لە نیوەی دووەمدا یانەی گرانادا لە رووی ئاستەوە بەرگێکی دیکەی پۆشی، چەندین هێرشی مەترسیداریان بردەسەر گۆڵەکەی کۆرتوا، لە یەکێک لەو هێرشاندا داروین ماچیزی ڤێنزوێلی گۆڵی یەکەم و کەمکردنەوەی جیاوازییەکەی بۆ گرانادا هێنا، ئەمەش وایکرد ریال زیاتر بکشێتەوە و مەترسییەکانیان لەم گێمەدا نەما، بەڵکو یانەی میواندار هەلی ئاسانیان لەدەستدا و کۆرتواش بەرپەرچی زۆربەیانی دایەوە و یارییەکەش بەسوودی مێرەنگی بە ئەنجامی 2-1 کۆتاییهات.
ئێستا ریال بە جیاوازی چوار خاڵ لەگەڵ بارسای دووەم لە پلەی یەکەمی لالیگایە و لەو دوو یارییەی کە ماویەتی تەنیا یەک بردنەوەی دەوێ بۆ ئەوەی بەفەرمی نازناوی ئەم وەرزە بەدەستبهێنێت، یانیش ئەگەر هەردوو یارییەکە یەکسانبێت هەر پاڵەوانە، ریال لە شەوی پێنچشەممە دەبێتە میوانی ڤیاریال و لە یەکشەممەش یاری بەرامبەر بە لێگانێس دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ