خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکات و لە یەکەم رۆژدا دوو یانەی کوردستان یاری دەکەن

13-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکات، یانەی زاخۆ بە گۆڕانکارییەکی گەورەوە دەچێتە نێو رکابەرییەکانی خولەکە و لە یەکەم دەرکەوتنیدا رووبەڕووی تەڵاڵ بلووشی دەبێتەوە.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولەکەدا، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی تەڵەبە و بەرامبەر تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری پێشووی یانەکەی یاری دەکات، کە وەرزی رابردوو بەر لە کۆتاییهاتنی خولەکە بە چەند گەڕێک دوورخستنەوەی راگەیێنرا.
 
زاخۆ بۆ ئەم وەرزە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە تیپەکەیدا کردووە، ویسام رزق، راهێنەری قەتەری راهێنەرایەتی یانەکە دەکات، گرێبەستی زۆر کراون و یاریزانی زۆر گواستراونەتەوە، دیارترینیان شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کورد، محەممەد یاتارای سەنیگالی و پێشووی یانەی لیۆنی فەرەنسی، گابی کیکی یاریزانی پێشووی یانەی شێریف تیراسپۆڵ، ئوسامە رەشید، جۆزێف ماوریسیۆ و ئۆرینهۆن.
 
زاخۆ ڤیدیۆیەکی دوایین مەشقەکانی یانەکەی لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی دوایین ئامادەکاری و یەکەم دیداری خولەکە و یەکەم ئامانجی نوێ.
 
یانەی نەورۆز بە گۆڕانکارییەکی گەورەوە دەچێتەوە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق و میوانداریی یانەی کارەبا دەکات.
 
نەورۆز بۆ ئەم وەرزە گۆڕانکارییەکی زۆری کرد، لۆگۆکەی گۆڕیووە و یاسین ئاراس، راهێنەری باکووری کوردستان بووەتە راهێنەری یانەکە، گرێبەستی زۆر کراون و یاریزانی دیار گواستراونەتەوە، لەوانەش کاردۆ سدیق، یاریزانی کورد و پێشووی یانەی کریستال پاڵاسی ئینگلیزی، رەوا یوسف، یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر، هیران ئازاد یاریزانی کورد و پێشووی جەوییە، فیلیپ مالباسیک، هێرشبەری سێربی و پێشووی کادیزی ئیسپانی، گایتان لۆرا، یاریزانی فەرەنسی و پێشووی یانەکانی پاریس ئێف سی و ئەنقەرەگوجۆ، نۆلان مبێمبا، ناوەڕاستکاری کۆنگۆیی و یاریزانی پێشووی یانەکانی لیل، رێمس، لو هاڤەر و گرینۆبڵ و چەند یاریزانێکی دیکە.
 
نەورۆز سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی پێیدا تێدەپەڕێت، دەیەوێت دەستپێکی جوانی لە خولەکەدا هەبێت، ئەمڕۆ بەهۆی ئامادەنەبوونی یاریگەکەیەوە یانە کوردستانییەکەی شاری سلێمانی وەکو ئەوەی لە ماڵ و یاریگەی خۆی بێت، لە دهۆک یارییەکەی ئەنجامدەدات و هەموو هاندەرانی وەرزشی کوردستان چاوەڕێی بردنەوەی یەکەمی سوورپۆشەکان دەکەن.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە