رووداو دیجیتاڵ
ئارسن ڤینگەری راهێنەری مێژوویی ئارسیناڵی ئینگلیزی، جارێکی دیکە پەشیمانیی خۆی لە گرێبەستکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یاریزانێکی دیکە دەربڕی.
ڤینگەر یەکێکە لە سەرکەوتووترین راهێنەرانی مێژووی ئارسیناڵ، ئەو لە 1996ەوە تاوەکو 2018 لە مەشقدانی گانەرز بەردەوام بوو، چەندین نازناوی لەگەڵدا بەدەستهێنان.
ڤینگەر پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی لە گرێبەستنەکردن لەگەڵ کام یاریزان پەشیمانە؟ ئەو دەڵێ، "بێگومان کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دەکرا گرێبەستی لەگەڵدا بکەین. ئێمە نزیکبووین لێی و رێکەوتنمان لەگەڵ سپۆرتینگ لیسبۆنا کردبوو، بەڵام ئێمە خاوبووین و مانچێستەر یونایتد پێنج یان شەش رۆژ دوای رێکەوتنەکەی ئێمە، چوون و گرێبەستیان لەگەڵ کرد".
ڤینگەر دەڵێ، "لەبەرئەوە دەڵێم، لەسەرەتای کاروانمدا رۆناڵدۆ و لە کۆتاییشدا نگۆلۆ کانتێ".
ڤینگەر دەڵێ، هەردوو یاریزانەکەم بەدەستدەهێنا، بەڵام نەمتوانی.
ئەو لەبارەی کانتێوە روونیکردووەتەوە، "دەمتوانی بەئاسانی کانتێ بەدەست بهێنم، لە یانەیەکی فەرەنسی یارییدەکرد بەناوی سۆرێنس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانم بوو، پێی گوتم، یاریزانێکم هەیە سەرسوڕهێنەرە، بەڵام بەداخەوە کەس لە فەرەنسا نایەوێت".
راهێنەرە فەرەنسییەکە زیاتر دەڵێ، "هاوڕێکەم، کانتێی بەئۆتۆمبێلەکەی خۆی برد و لە یانەیەکەوە دەیبردە یانەیەکی دیکە تاوەکو رازییان بکات گرێبەستی لەگەڵدا بکەن، لە کۆتاییدا یانەیەکی پلە سێی فەرەنسا بردیان".
کانتێ دواتر لە لێستەر سیتی درەوشایەوە و نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە، بەرلەوەی لە چێڵسی ساڵانی درەوشانەوەی خۆی بەسەرببات و دواتر رووبکاتە ئیتیحادی سعودی.
ڤینگەر دەڵێ، "چیرۆکی نگۆلۆ مەزنە، بۆ فیلمێکی سینەمایی دەبێت، ئەو بەبێئەوەی هیچ هەڵەیەک بکات، تۆپ وەردەگرێتەوە، دواتریش هێرش بونیاد دەنێت".
کانتێ یەکێکە لە کاریگەرترین ئەو یاریزانانەی ساڵی 2018 لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا، نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ