نهێنیی نوێ لەبارەی رۆژانی کارکردنی چابی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، رۆژانی کارکردنی چابی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید، هەر لە رۆژەکانی یەکەمەوە، پڕی گرێوگۆڵ و ئاڵۆزی بووە. ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، سەرۆکی ریال مەدرید بەدەستنیشانکردنی ئەو راهێنەرە رازی نەبووە.
 
یانەی ریال مەدرید، دوو رۆژ لەمەوپێش رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆی لە مەشقدانی یانەکە راگەیاند، رۆژێک پاشئەوەی تیپەکە لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بە 2 - 3 گۆڵ، بە یانەی بارسێلۆنای رکابەری دۆڕا.
 
چابی ئەگەرچی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی دوای کلاسیکۆدا، دووپاتیکردەوە شکستەکە تەنیا دۆڕان بوو لە یارییەک و جەختی لە بەردەوامبوون لە هەنگاونان کرد، بەڵام لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەی فەرمیی رۆیشتنی ئەلۆنسۆدا گوتی، جیابوونەوەکە بەڕێکەوتنی نێوان یانەکە و راهێنەرەکەی بووە، بەڵام سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، جیابوونەوەکە، دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ بووە و کارگێڕیی یانەکە بڕیاریداوە متمانە بە راهێنەرەکەی درێژ نەکاتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، گومان لە کارکردن و تواناکانی ئەلۆنسۆ لە دوای شکستی کلاسیکۆوە دەستیپێنەکردووە، لەو کاتەشەوە نەبووە کە تیپەکە بەرامبەر مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگ دۆڕا، بەڵکو سەرچاوەی گومانەکان بۆ چەندین مانگ لەوەوپێش دەگەڕێنەوە.
 
میدیاکانی ئیسپانیا کە راپۆرتی خۆیان ناوناوە نهێنییەکانی پشتەوە، دەڵێن کێشەکە لەسەرەتای دەستنیشانکردنی ئەلۆنسۆوە بە راهێنەری یانەکە سەریهەڵداوە، چونکە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید ئەو راهێنەرەی پەسند نەبووە و بەبژاردەیەکی باشی نەزانیوە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە بەکۆی دەنگ و بە پشتبەستن بەسەرکەوتنی ئەو لە بایرلیڤەرکوزن، پشتگیریی گەورەی ئەلۆنسۆیان کردووە و گوشاریانکردووە بۆ دانانی.
 
ئەو راپۆرتانە دەڵێن، پێرێز هەرگیز لە شەش مانگی رابردوودا، نیوەی ئەو متمانەیەی بە ئەلۆنسۆ نەداوە، کە پێشتر بە کارلۆ ئەنچێلۆتی و زینەدین زیدانی دابوو.
 
راپۆرتەکە هەروەها دەڵێ، هەر لەسەرەتاوە دۆخەکە لە نێو ژووری جلگۆڕیندا رەنگدانەوەی هەبوو. ئەلۆنسۆ هەر زوو هەستی بەلاوازیی پشتگیریی سەرۆکی یانەکە کردووە، ئەوەش کاتێک دەرکەوت کە هەندێک یاریزان، ناڕەزایەتییان لە بڕیارەکانی راهێنەرەکە پێشاندا.
 
ئەو لاوازیی پشتگیرییەی ئەلۆنسۆ هەستی پێکردووە، وەک سەرچاوەکان دەڵێن، وایکردووە کە ژمارەیەک یاریزان هەست بەلاوازیی هەڵوێستی راهێنەرەکە بکەن، هەربۆیە لە ژووری جلگۆڕیندا وەک پێویست هێزی ئەلۆنسۆ دەرنەکەوتووە، هەڵوێستیشی لاواز بووە، لە کاتێکدا ئەو دۆخە سەری کێشاوە بۆ تەقینەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە کلاسیکۆی لالیگادا.
 
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، ئەلۆنسۆ هەوڵیداوە کەمێک رێککاری و سیستمی نوێ بەسەر ژووری جلگۆڕیندا بسەپێنێت، وەک پابەندکردنی یاریزانان بەکاتی هاتنە مەشقەکان و کەمکردنەوەی بوونی یاریدەدەر و ئەسیستانتی یاریزانەکان لە سەنتەری مەشقەکانی یانەکە، بەڵام یاریزانەکان بڕیارەکانیان جێبەجێ نەکردووە.
 
جیا لەو کێشانە، ئەلۆنسۆ لە شوێنێکی دیکەشدا رووبەڕووی بەرکەوتن لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە بووەتەوە. ئەو سەرچاوانە دەڵێن، بازاڕی گواستنەوە ناکۆکییەکی گەورەی دەرخستووە لە نێوان ئەلۆنسۆ و پێرێزدا. ئەلۆنسۆ داوای ناوەڕاستکارێکی کردووە بۆ رێکخستنی ریتمی تیپەکە، مارتن زوبیمێندی دەستنیشانکردووە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی، بەڵام کارگێڕیی یانەکە ئەوەیان رەتکردووەتەوە، وایانداوە ئەوەی لە تیپەکەدا هەیە وەک ناوەڕاستکار، ئەرکەکە بەباشی جێبەجێ دەکەن.
 
ئەو بەرکەوتن و رەتکردنەوەیە، دواجار ئەلۆنسۆی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە پڕۆژەکەی هەرلەسەرەتاوە، بەرامبەر ویستی کارگێڕیی یانەکەدا لاواز دەبێت.
 
لە دوای پاشەکشەی ئەنجامەکانی تیپەکە لە پاش، سەرکەوتن لە کلاسیکۆی یەکەمدا، تیپەکە رووبەڕووی پێکرانی زۆری یاریزانان بووەوە، ئەوەش دەنگی ناڕەزایەتی و رەخنەی بەرامبەر ئەلۆنسۆ بەرزکردەوە، بەتایبەت کە پێشتر ئەو راهێنەرە، سووربووبوو لەسەر دوورخستنەوەی ئانتۆنیۆ پینتۆس لە پۆستی راهێنەری توانای جەستەیی کە لەسەردەمی هەردوو راهێنەرە، کارلۆ ئەنچێلۆتی و زینەدین زیدان، هەمان ئەرکی بەڕێوەدەبرد.
 
پینتۆس، دوای رۆیشتنی ئەلۆنسۆ، راستەوخۆ لەگەڵ ئەلڤارۆ ئەربیلوا، وەک راهێنەری توانای جەستەیی تیپەکە دەستبەکاربووەوە.
 
ئەلۆنسۆ لە هەفتەکانی کۆتایی کارکردنی لەگەڵ ریال مەدرید، هەوڵیداوە زیاتر خۆی لەگەڵ بارودۆخەکە بگونجێنێت، هەندێک لە پرەنسیپە تووندەکانی لەسەر یاریزانەکان هەڵگرتووە، هەروەها ئازادیی زیاتری داوەتە یاریزانان لە مەشقەکان و لە کاتی یارییەکاندا، بەڵام بڕیارەکان کاتێک بوون، کار لەکار ترازابوو.
 
وەک ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، زنجیرەی ئەنجامە خراپەکان و ئەو بێئومێدییەی ئەلۆنسۆ لە کارەکەیدا هەستی پێکردووە، بەهۆی سەرنەگرتنی پلانەکانی، وایکردووە لە هەفتەکانی کۆتاییدا هەست بەوە بکات، دۆخەکە چیدی بەرگەی بەردەوامبوون ناگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە