رووداو دیجیتاڵ
دوای تەنیا شەش یاری لەسەر کورسیی راهێنەرایەتیی ریال مەدرید، چاڤی ئەلۆنسۆ رووبەڕووی پشوویەک بووەتەوە کە رێگەی نەداوە بەباشی شیکاری بۆ سەرجەم یاریزانەکانی بکات. راهێنەرە ئیسپانییەکە نەیتوانیوە هەلی پێویست بە هەمووان بدات، بەجۆرێک هەندێک یاریزان هەن تاوەکو ئێستا یەک خولەکیشیان لەژێر سەرپەرشتی ئەودا یاری نەکردووە و داهاتوویان لەگەڵ یانەکە نادیارە، کە ئەمانەن:
ئاندرێ لونین
گۆڵپارێزە ئۆکراینییەکە، تاکە یاریزانە لەم لیستەدا کە هەلی یاریکردنی هەبووە، بەڵام بەشداریی پێنەکراوە. ئاستی بەرزی تیبۆ کۆرتوا وایکردووە کە هیچ گۆڵپارێزێکی دیکە نەتوانێت رکابەریی بکات و وادیارە ئەم وەرزەش دۆخەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە. چارەنووسی لونین تەنیا بەستراوەتەوە بە یارییەکانی جامی شای ئیسپانیا و داهاتووی لەگەڵ یانەکە روون نییە، لەکاتێکدا یانەی ڤیاریال یەکێکە لەو یانانەی گرنگیی پێدەدات.
فێرلاند مێندی
بە هاتنی کارێراس و ئەو ئاستە باشەی کە فران گارسیا لە باڵی چەپ پێشکێشی دەکات، فێرلاند مێندی بووەتە سێیەم بژاردە لەم پێگەیەدا. ئەمەش وادەکات ئەگەری رۆیشتنی لە یانەکە زۆر بێت ئەگەر هاتوو گرێبەستێکی باشی پێگەیشت. ئاستی جەستەیی و دوورکەوتنەوەی لە پێکان، کلیلی مانەوەی دەبێت ئەگەر بیەوێت چابی ئەلۆنسۆ بە تواناکانی رازی بکات.
دەیڤد ئالابا
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2023 بۆ یەکەمجار تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی چەپی بوو، بەرگریکارە نەمساییەکە کەوتووەتە نێو گێژاوێکی ناجێگیریی ئاستەوە. ئالابا بەهۆی نوێبوونەوەی پێکانەکەیەوە نەیتوانی بەشداری لە جامی جیهانیی یانەکاندا بکات و بە بوونی یاریزانانی وەک دین هاوسن، رۆدیگەر و میلیتاو، ئێستا ناچارە رکابەری لەسەر پێگەی چوارەم بەرگریکاری تیپەکە بکات.
ئێدواردۆ کاماڤینگا
وەرزی رابردوو بەهۆی پێکانە یەک لەدوای یەکەکانییەوە بەردەوام لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، بەڵام ئەم وەرزە یاریزانە فەرەنسییەکە دەیەوێت بیسەلمێنێت کە دەتوانێت ببێتە یاریزانێکی گرنگ بۆ راهێنەرە باسکییەکە. کارگێڕیی یانەکە متمانەیەکی زۆری پێیەتی و یەکێکە لە یاریزانە خۆشەویستەکانی ژووری جلگۆڕین، بەڵام دیارنییە ئایا کارگێڕی ریال مەدرید دەیهێڵێتەوە یان نا.
ئێندریک
ئەستێرە بەرازیلییەکە بە گەورەترین زەرەرمەندی جامی جیهانیی یانەکان دادەنرێت، چونکە لەو پاڵەوانێتییەدا گۆنزالۆ گارسیا ئەو ئەرکەی جێبەجێ کرد کە بڕیاربوو بە ئێندریک بسپێردرێت و توانی ئاستێکی درەوشاوە پێشکێش بکات. ئێستا داهاتووی ئێندریک لەگەڵ ریال مەدرید نادیارە و ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێوەی خواستن یانەکە جێبهێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ