ئەلۆنسۆ باسی یەک بەیەکی یاریزانەکانی دەکات

18-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری نوێی ریال مەدرید، بەر لە یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ یانە شاهانە، رایگەیاند ئەوان بەربژێری بردنەوەی مۆندیالی یانەکانن. هەروەها لەبارەی شێوازی یاریکردنی تیپەکەی، گوتی "11 یاریزانمان لەنێو یاریگەدا هەیە و دەبێ هەر 11 یاریزانەکە هەمان ئەرک وەک یەک جێبەجێ بکەن".
 
ئەمڕۆ کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە یەکەم یاریی خۆیدا لە مۆندیالی یانەکان رووبەڕووی یانەی هیلالی سعودیە دەبێتەوە.
 
راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و سەرەتا سەبارەت بە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی قسەی کرد و لەبارەیەوە گوتی "ئێمباپێ ئەمڕۆ لە دوێنێ باشتربوو، چاوەڕێ دەبین بزانین چۆن دەبێت، تاوەکو دوایین سات چاوەڕێ دەبین بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی یارییکردنییەوە بدەین".
 
ئینجا پێیانگوت کیلیان لە باڵ یارییدەکات یان سەرەڕم؟ چابی گوتی "ئێمباپێ هێرشبەرێکی دینامیکییە، شوینێکی دیاریکراو نییە بۆ یارییکردنی ئەو".
 
رۆژنامەڤانێک سەبارەت بە چارەنووسی رۆدریگۆ پرسیاری لێکرد و ئەویش لە وەڵامیدا گوتی "دەزانم لە کۆتایی وەرزی رابردوودا رۆدریگۆ چی لێ بەسەرهات، بەڵام ناتوانم هەموو شت بڵێم، دۆخەکە بۆ ئەو قورس بوو، بەڵام ئەو هەندێک پشووی وەرگرت و ئێستا بەجۆشوخرۆشەوە گەڕاوەتەوە، دەیەوێت چێژ وەربگرێت".
 
چابی ئەلۆنسۆ باسی جود بێلینگهامیشی کرد و گوتی "جود کوالیتیی ئەوەی هەیە رووبەرێکی بەرفراوانی یاریگا کۆنترۆڵ بکات، پێموایە رۆحیەتی یاریزانێکی کامڵی هێڵی ناوەڕاستی هەیە،  شوێنی سەرەکیی یارییکردنی ئەو زۆر گرنگە. قسەمان لەبارەی رۆڵی ئەوەوە کردووە و یاریزانێکی زۆر دینامیکی و گرنگە بۆ ئێمە".
 
راهێنەری مێرینگێ لەدرێژەی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە کە وەرزی داهاتوو هەردوو یاریزانی گەنج، ئێندریک و ئاردا گولەر هەلی یارییکردنی زیاتریان پێدەدرێت.
 
ئەمجارە لێیانپرسی ڤینیسیۆست چۆن بینی؟ چابی بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە "پێشتر نەمدەناسی، بەڵام بەتەنیا دە چرکە ناسیم، زانیم شێوازی مامەڵەکردنی چۆنە. ئەو زۆر سۆزاوییە، زوو هەڵدەچێت، دەبێ لێیەوە نزیک بیت، من ئەو جۆرە یاریزانانەم زۆر بەدڵە، دڵێکی گەورە و مەزنی هەیە، بەهرەمەند و ناوازەیە، ویستی باشبوونی زۆرە. ئەمە خوێندنەوەی منە بۆ ئەو لەو چەند رۆژەدا کە لە نزیکەوە ناسیم".
 
فرانکۆ مۆستانتونۆ یاریزانی ئەرجەنتینی، کە ئێستا پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، بابەتی پرسیارێکی دیکە بوو، کە ئەلۆنسۆ بەخێرایی گوتی "مۆستانتونۆ یاریزانێکی گرنگ دەبێت بۆ یانەکەمان".
 
پێیانگوت چیت بەو گوتووە؟ ئەویش گوتی "ئەوەی بە فرانک ماستانتونۆم گوتووە پێتان ناڵێم، نەخێر، ئەوە تایبەتە، تەنیا ئەوەتان پێدەڵێم کە یاریکردنیم زۆر بەدڵە".
 
چابی ئەلۆنسۆ پەسنی یانە بەرازیلییەکانی دا و گوتی "یانە بەرازیلییەکان ئاستێکی ناوازە پێشاندەدەن. یارییەکان زەحمەت دەبن، بەڵام ئێمە بەباشترین شێوە خۆمان بۆ پاڵەوانێتییەکە ئامادەکردووە".
 
راهێنەرە گەنجەکەی ریال مەدرید باسی یارییەکەی بەرامبەر هیلالی کرد و گوتی "چاوەڕوانی چی لە یاریزانەکان دەکەم؟ برسێتی بۆ سەرکەوتن و رکابەریکردن و یارییەکی باش، دەبێت زۆر شت پەیڕەو بکەین، نوێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید بکەین، بەرگریکردن لە لۆگۆی یانەکە، دەبێت وەک تیپێک یاری بکەین بۆ سەرکەوتن".
 
سەبارەت بەوەی ئایا بەربژێرن بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی یانەکان، ئەلۆنسۆ گوتی "لە هەر پاڵەوانێتییەکدا ئێمە لەنێو بەربژێرەکانداین، زۆر بیر لە یاریی کۆتایی ناکەینەوە، دەمانەوێت هەنگاو بنێین و بنیاتنەربین، خاڵی دەستپێک بەرامبەر هیلالە، شتەکان پێماندەڵێن، لەوانەیە هەندێک شت لەدەست بدەین، بەڵام کۆڵنادەین".
 
هەروەها گوتیشی "11 یاریزانمان لەنێو یاریگەدا هەیە و دەبێ هەر 11 یاریزانەکە هەمان ئەرک وەک یەک جێبەجێ بکەن".
 
چابی ئەلۆنسۆ باسی سیبایۆسیشی کرد و گوتی "دانی سیبایۆس دەڵێت زۆر دڵخۆشم و بە پەرۆشم بۆ دەستپێکردن و سەردەکەوم بەسەر دیوارەکانی هۆتێلەکەدا، ئەو راست دەکات.
بەڕاستی منیش پەرۆشم بۆ دەستپێکردن".
 
ئەمجارە باسی لوکا مۆدریچی کرد و گوتی "پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ مۆدریچ هەیە، زۆر حەزم لە بینینی ئەوە لەگەڵ یاریزانە گەنجەکان، بەڕاستی بەباشی ئامۆژگارییان دەکات، یاریزانێکی ئەفسانەیی و مێژووییە، پێویستە تاوەکو دوایین رۆژ سوودی لێ وەربگرین".
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا، کە ئایا پێتوایە مەشقدانی تیپێکت وەرگرتووە کە خراپ مەشقدراوە؟ چابی ئەلۆنسۆ گوتی "کاری رۆژانەمان نایابە، کوالیتی زۆر بەرزمان هەیە، پێشتریش ئەوەم دەزانی و ئێستا پێموایە دەبێ باشتر کاربکەین. پێزانینم بۆ کاری کارلۆ ئەنجێلۆتی هەیە، ئەو سەرکەوتووترین راهێنەری یانەکە بووە. ئێمە ئێستا سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکەین، رێگاکەمان دەزانین و بناخەیەکی پتەومان هەیە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە