رووداو دیجیتاڵ
کاتێک ناوی یانەکانی ماینز، بۆرووسیا دۆرتموند و لیڤەرپوول دەهێنرێت، راستەوخۆ کەسایەتیی یۆرگن کڵۆپ بە مێشکدا دێت، ئەم سێ یانەیە بە جۆرێک گۆڕان بوونە درێژکراوەی کەسایەتیی ئەو راهێنەرە، شێوازی مەشق، بیرکردنەوە و رەفتارەکانی، بوونە ناسنامەی یانەکان لەو ماوەیەی سەرپەرشتی دەکردن، بەڵام ریال مەدرید یانەیەک نییە بەو ئاسانییە ناسنامەی راهێنەرێک وەربگرێت.
ساڵێک لەمەوبەر و لە بنکەی سەرەکیی کۆمپانیای رێدبوڵ، کڵۆپ وەک بەڕێوبەری نوێی وەرزشیی کۆمپانیاکە ناسێنرا، ئەو رۆژە بە روونی گوتی "کۆتاییم بە کاری راهێنەرایەتی هێناوە و بیری یاریگە ناکەم". کڵۆپ جەختی کردەوە هەر کاتێک شوێنێکی چۆڵ لە یانە گەورەکان دروستببێت ناوی ئەو دەهێنرێت، بەڵام داوای کرد ئەو دەنگۆیانە پشتگوێ بخرێن.
رۆژی دووشەممە و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید، جارێکی دیکە ناوی کڵۆپ وەک شوێنگرەوە هاتە پێشەوە، بەڵام ئەو بە تووندی رەتیکردەوە و گوتی "ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بەمنەوە نییە و هیچ هەستێکی لا دروست نەکردووم".
بۆچی ریال مەدرید بۆ کڵۆپ نابێت؟
کلۆپ هەمیشە لەو شوێنانە سەرکەوتوو بووە کە ژینگەکەی بۆ گونجاو بووە، لە ماینز کاتێک کڵۆپ لە 2ـی مانگی 2ـی 2001 ئەرکەکەی گرتە دەست، مەترسیی دابەزینی بۆ خولی پلە سێی ئەڵمانیای لەسەر بوو، بۆرووسیا دۆرتموند لە هاوینی 2008 پاش تەنگژەی دارایی و مەترسیی ئیفلاسبوون رووی لەو کرد، لیڤەرپوولیش لە 2015 بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕا بۆ گەڕانەوە بۆ سەرکەوتنەکان، کڵۆپ هەمیشە بڕیاری دروست و کاتی گونجاوی هەڵبژاردووە.
خاڵێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان کڵۆپ و ریال مەدرید، پەیوەندیی بە دیدگای راهێنەرەکە بۆ هەندێک پاڵەوانێتی هەیە، فلۆرێنتینۆ پێرێز بایەخێکی زۆر بە مۆندیالی یانەکان دەدات، بەڵام کڵۆپ ئەو پاڵەوانێتییەی بە "خراپترین بیرۆکەی مێژووی تۆپی پێ" ناوبرد، ئەم جیاوازییە لە دیدگادا پێچەوانەی بیرکردنەوەکانی سەرۆکی ریال مەدرید فلۆرێنتینۆ پێرێزە.
ماینز، بۆرووسیا دۆرتمۆند و لیڤەرپوول خاڵی هاوبەشیان زۆرە، هەموویان کەوتنە ژێر کاریگەریی کەسایەتیی یۆرگن کڵۆپ و بوونە بەشێک لە ناسنامەی ئەو، بەڵام ریال مەدرید چیرۆکێکی جیاوازە و ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە ناتوانێت لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا هەمان ئەو کەسایەتییە بونیاد بنێتەوە و ناسنامەی خۆی بەسەر یانەکەدا بسەپێنێت.
لە ریال مەدرید، ژووری جلگۆڕین لە هەموو شوێنێکی دیکە جیاوازترە و ئەستێرەکان رێگە نادەن کاریگەریی دەرەکی بەسەریاندا بسەپێنرێت، ئەرکی راهێنەر لەوێ پاراستنی شکۆ و گەورەیی یانەکەیە، نەک گۆڕینی ناسنامەکەی، کڵۆپ هەمیشە پێویستی بە ئاڵنگاری و شەڕکردن بووە بۆ سەلماندنی خۆی، بەڵام لەژێر بنمێچی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا، ئەو ناتوانێت ببێتە کارەکتەری سەرەکی شانۆکە و خۆی بەسەر یانەکەدا بسەپێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ