رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دێربیی کوردستانە، هەولێر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی زاخۆ دەکات و بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە و لە رکابەریکردن بەردەوامبێت.
یارییەکە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت، ئێوارەی ئەمڕۆ دەبووایە هەزاران هاندەر رێگەی یاریگەی فرانسۆ هەریری بگرنە بەر و یاریگە زەرد و سوور بێت، بەڵام بەهۆی سزادانی یانەی هەولێرەوە یارییەکە بەبێ هاندەر بەڕێوەدەچێت و هەمووان لە ماڵ و شوێنە گشتییەکانەوە سەیری یارییەکە دەکەن.
هەولێر چەند رۆژێکە دوور لە چاوی میدیاکان مەشق بۆ ئەم یارییە دەکات و ئامادەکارییەکی زۆری کردووە، بە ئامانجی ئەوەی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی نەفت بەدەستهێنا.
جگە لە نیاز محەممەد سەرجەم یاریزانەکانی هەولێر بۆ ئەم یارییە ئامادەن، تیپەکە ئێستا پێنجەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، 10 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و 3 دۆڕانی هەیە.
دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک، یانەی زاخۆ بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هاندەرانی دڵخۆش بکاتەوە و بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکان.
زاخۆ لە گەڕی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر زەورا دۆڕا، دوای ئەوە راستەوخۆ ویسام رزق، لە راهێنەرایەتی یانەکە دوورخرایەوە، دوای ئەوەش لە جامی کەنداو، یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر قادسیەی کوێتی دۆڕا.
رۆژی هەینی یانەی زاخۆ بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی ئەیوب ئودیشۆ، راهێنەری نوێی یانەکەی راگەیاند، ئێوارەی هەمان رۆژ راهێنەرەکە سەرپەرشتی مەشق و راهێنانەکانی تیپەکەی کرد و زاخۆ دوایین ئامادەکاریی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، مەشقەکانی زاخۆ زیاتر لە کاژێرێک و نیو بەردەوامبوون و ئەمڕۆ یەکەم یاریی ئەو راهێنەرەیە لەگەڵ یانە نوێیەکەی.
زاخۆ هاوشێوەی هەولێر، سەرجەم یاریزانەکانی ئامادەن، بۆ دێربیی کوردستان، شێرکۆ کەریم دەگەڕێتەوە یاریگەی فرانسۆ هەریری و رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ