مۆرینیۆ بە هەژەندێکی گەورە تورکیا و ئەورووپا سەرسام دەکات

14-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی و یانەی فێنارباخچەی تورکی دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو بەهێزەوە بچێتە نێو رکابەرییەکان و چاوی لەوەیە بە هەژەندێکی گەورە، تورکیا و ئەورووپا بهەژێنێت.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی تورکیا، مۆرینیۆ چاوی لە گۆڕانکاریی گەورەیە لە تیپەکەیدا و چەند ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یانەکەی گرێبەستیان لەگەڵ بکات و وەرزی داهاتوو بەهێزەوە بچنە نێو خول و پاڵەوانێتییەکانی دیکە.
 
رۆژنامەی فەنەتیکی تورکی نووسیوویەتی "یانەی زەبەلاحەکەی ئیستەنبوڵ، لە گواستنەوەی یاریزاناندا خۆی بۆ سوپرایزێکی گەورە ئامادەدەکات و هەنگاوەکانی دەستپێکردووە، فێنارباخچە دەستەوارەیەکی پێشکێشی نەیمار کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات."
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کارگێڕیی فێنارباخچە دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک واژۆبکات، کە بەتەواوی بۆ هاندەران وروژێنەر بێت و هەستێکی گەورە بۆ ئەوان و هەموو جیهان دروست بکات، جگە لەوەش لە رێگەی گرێبەستەکەوە بازاڕگەرییەکی باش بۆ خۆی بکات، بۆ ئەمەش یانەکە گواستنەوەی نەیمار داسیلڤای کردووەتەوە ئامانج کە ئێستا لە یانەی سانتۆسی بەرازیلی یاری دەکات.
 
گرێبەستی نەی لەگەڵ یانە بەرازیلییەکە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵە، بەڵام بڕگەیەک لە گرێبەستەکەیدا هەیە کە رێگەی دەدات لە هاویندا بەخۆڕایی بچێتە یانەیەکی ئەورووپی، ئەمەش یانە تورکییەکەی زیاتر هانداوە بۆ ئەوەی هەوڵی گواستنەوەی بدات.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، جۆزێ مۆرینیۆ خۆی پەیوەندیی بە نەیمارەوە کردووە بۆ ئەوەی بۆ ساڵێک پەیوەندی بە یانەکەوە بکات و لە خولی سوپەرلیگی تورکیا یاری بکات.
 
بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوو تووشی پێکانی زۆر بوو، نەیمار کەم یارییکرد و لە یانەی هیلالی سعودیش سەرکەوتوو نەبوو، دوای ئەوە چووە یانەی سانتۆس، ئێستا یاریزانەکە پێویستی بەوەیە لە ئاستێکی بەرز و دوور لە پێکان یاری بکات بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بۆ مۆندیالی 2026 ئامادەبێت و بگەڕێتەوە نێو ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل.
 
فێنارباخچە لە وەرزی 2024-2025 نازناوی خولی تورکیای لە بەرژەوەندی یانەی گاڵاتەسەرای لەدەستدا، بەڵام یانەکە بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگدا دەکات و مۆرینیۆ دەیەوێت لەسەر ئاستی ئەورووپا یاری بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە