ئاهەنگی لەدایکبوونی بووە دەردسەری.. يامال بەهۆی 'کورتەباڵاکانەوە' رووبەڕووی دادگا دەبێتەوە

14-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن لامین یامال
A+ A-



رووداو دیجیتاڵ

لامين يامال، ئەستێرەی یەکەمی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، دوای ئاهەنگی 18 ساڵەی لەدایکبوونی، رووبەڕووی کێشەیەکی یاسایی گەورە بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی چەند کەسێکی کورتەباڵای بۆ نمایشکردن لە ئاهەنگەکەیدا بەکرێ گرتووە.


ئەو یاریزانە بەهرەمەندە کە بە گەیشتنی بەتەمەنی 18 ساڵی، دوای ئەوەی گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە واژۆکرد، لە کۆتایی هەفتەدا ئاهەنگێکی گەورەی لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکەی سازکرد، بەڵام ئەم ئاهەنگە ئێستا بووەتە هۆی دەردسەرییەکی گەورە بۆ ئەو.

یامال بەتووندی رەخنەی لێگیراوە بەهۆی بەکرێگرتنی کەسانی کورتەباڵا بەمەبەستی کات بەسەربردن لە ئاهەنگەکەیدا. کۆمەڵەی کەسانی توشبوو بە ئاکۆندرۆپلازیا و کێشەکانی دیکەی ئێسکەپەیکەر ADEE کە ئەندامە لە کۆنفیدراسیۆنی ئیسپانی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی جەستەیی و ئەندامی، کارەکەی یامالی بە تووندی سرکۆنەکرد.

کۆمەڵەی ADEE هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی دەکات دژی ئەو رەفتارەی کە بە نائاسایی و نایاسایی وەسفی دەکات، چونکە جیاکاری زیاتر دەکات و وێنە و مافی ئەو کەسانە و هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەکەدار دەکات.

کارۆلینا پۆینتێ، سەرۆکی کۆمەڵەکە، لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵەکەیان رایگەیاند "جێی قبوڵ نییە لە سەدەی 21ـدا، کەسانی کورتەباڵا وەک کەرەستەی کات بەسەربردن لە ئاهەنگە تایبەتەکاندا بەکاربهێنرێن، مەترسیدارتر کاتێکە کەسایەتییەکی دیاری وەک لامين يامال تێوەدەگلێت. کەرامەت و مافی کۆمەڵگەکەی ئێمە کەرەستەی گاڵتەجاڕی و کات بەسەربردنی هیچ کەسێک نییە و نابێت".

پۆینتێ هەروەها گوتی "کاتێک کەسێکی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی بەشداری لەم جۆرە رەفتارانەدا دەکات، زیانەکە گەورەتر دەبێت، چونکە ئەو پەیامە بە کۆمەڵگە، بەتایبەتی گەنجان دەدات کە جیاکاری کارێکی ئاساییە. ئێمە بێدەنگ نابین و داوای لێپرسینەوە دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە رەفتاری لەم جۆرە هەرگیز دووبارە نابێتەوە".

بەپێی یاسای گشتیی مافی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئیسپانیا "ئەو نمایش و چالاکییانەی کە تێیاندا کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ ورووژاندنی پێکەنین، گاڵتەجاڕی یان سووکایەتیکردن بەکاردەهێنرێن، بەشێوەیەک کە دژی رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ بێت، بە تەواوی قەدەخەکراون".

سەرەڕای ئەم کێشەیە، یامال گەڕاوەتەوە بۆ راهێنانەکانی ئامادەکاری بارسێلۆنا بۆ وەرزی 2025-2026 و پێشبینی دەکرێت لە وەرزی نوێدا درێسی ژمارە 10ـی پێبدرێت، کە پێشتر ئەفسانەکانی وەک دیێگۆ مارادۆنا، رۆناڵدینیۆ و لیۆنێل مێسی پۆشیویانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە