نێچێرڤان بارزانی بۆ ئامەدسپۆر: خۆشحاڵم بەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەی ئامەدسپۆر هەیەتی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
A+ A-



رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای یانەی ئامەدسپۆر لە هەولێر لەگەڵ نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و تێیدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە وەرزشییەکان و رۆڵی یانەکە لەنێو کۆمەڵگەدا کرایەوە.
 
شاندەکە پێکهاتبوو لە ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر، مەتین کلاڤوز، سەرۆکی بۆردی راوێژکاری و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە. شاندی میوان لە درێژەی سەردانەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ گەیشتنە هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
 
نێچێرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدگا و روانینی ئامەدسپۆر بەرامبەر بە وەرزش نیشاندا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو جۆش و خرۆشە کرد کە یانەکە لەنێو خەڵکدا دروستی کردووە و گوتی "خۆشحاڵم بەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەی ئامەدسپۆر هەیەتی". نێچێرڤان بارزانی هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ یانەکە خواست.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بیروبۆچوونیان لەبارەی هاوکاری لە چەندین بواری جیاوازدا گۆڕییەوە و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە.
 
یانەی ئامەدسپۆر ماوەی چەند رۆژێکە لە باشووری کوردستانن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کۆبوونەوە و ئەمڕۆش سەردانی یانەی هەولێر دەکەن.
 
ئامەدسپۆر یانەیەکی دێرین و نێوداری کوردستان و تورکیایە، لە خولی پلە یەکی تورکیا یاریی دەکات و ئێستا لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت بگاتە خولی سوپەرلیگی تورکیا بۆ وەرزی داهاتوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە