رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەردەوامبوون و فراوانبوونی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، وەرزشی ناوچەکە و جیهان، رووبەڕووی دواخستن و هەڵپەساردن و هەڵوەشاندنەوە، بووەتەوە.
لە نوێترین کاردانەوەی جیهانی وەرزشدا، رێکخەرانی پاڵەوانێتیی فۆرمۆلاوەن، لەبەردەم بڕیاری چارەنووسسازدان، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەگەری بەردەوامبوون لەسەر هەمان خشتەی پاڵەوانێتییەکانی ئەمساڵ، یان گۆڕانکاریی درێژخایەن.
یارییەکی دیکەی جێگەی گومان و هەڕەشەلەسەر، یاریی فینالیسیمای نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئەرجەنتینە کە بڕیارە رۆژی 27ی ئەم مانگە لە یاریگەی لوسەیل لە قەتەر بەڕێوەبچێت.
یارییەکە هەلێکی دیکەی بەردەستە بۆ لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی، بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
وا بڕیاربوو، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رۆژی 31ی مانگ، یارییەکی دیکەی دۆستانەی ئامادەسازیی بۆ مۆندیالی داهاتوو، لە قەتەر بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە ئەنجام بدات. بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، رۆژی یەکشەممە، هەڵپەساردنی سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی لە وڵاتەکەدا راگەیاند.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، ئاشکرایکردووە لەبارەی یارییەکەی فینالیسیماوە، لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور و لیژنەی رێکخەری یارییەکە لە دانوستاندنی بەردەوامە، بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەپێناو ئەنجامدانی یارییەکە.
هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کردووە، ئەگەر هەیە یارییەکە لە قەتەرەوە بگوازرێتەوە ئەورووپا و لەسەر یاریگەیەکی ئەو کیشوەرە، لە هەمان رۆژدا ئەنجام بدرێت.
کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر وەرزش، تاوەکو دێت فراوانتر دەبێت، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی، بە فڕۆکە تایبەتەکەی خۆی، سعودیەی بەرەو مەدرید بەجێهێشتووە و لە دوا وێستگەشدا لە پۆرتوگال نیشتووەتەوە.
رۆناڵدۆ پاش تووندبوونی ململانێ سەربازییەکان و هێرشی ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز و ئەگەری بەشداریکردنی سعودیە لە جەنگەکەدا، بڕیاریدا ناوچەکە بەجێبهێڵێت.
تەنگژەکە تەنیا کاریگەریی لەسەر تۆپی پێ دروستنەکردووە، بەڵکو باڵیکێشا بۆ فۆرمۆلا وەن، کە خۆی بۆ ئەنجامدانی پێشبڕکێکانی هەریەکە لە بەحرەین و سعودیە لە مانگی داهاتوودا ئامادە دەکرد.
کێشەی سەرەکی بەردەم ئەو پێشبڕکێیە ئەوەیە کە سیستمی ئامادەکارییەکانی ئەو پێشبڕکێیە بەو شێوەیەیە، چەند هەفتەیەک بەر لە دەستپێکردنی پێشبڕکێکان، تیمەکان کارمەند و کەلوپەلەکانی خۆیان دەبەنە ئەو وڵاتەی پێشبڕکێکانی تێدا ئەنجامدەدرێت.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی پێشبڕکێکانی ئۆتۆمبێل ئاشکرایکردووە، پێشینەی کارەکانی سەلامەتیی و خۆشگوزەرانییە. سەرچاوەکان دەڵێن، ئەوەی فیدراسیۆنەکە بیری لێدەکاتەوە، پارێزبەندییە بۆ ئەستێرەکانی وەرزشەکە، لە پێشی هەمووانەوە، لویس هامیلتۆن و ماکس فێرستاپن.
جەنگی هەڵگیرساو لە ناوچەکە، کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی هەندێک وەرزشوان بەشێوەی راستەوخۆ دروستکردووە. دانیێل مێدڤێدێڤی ئەستێرەی تێنسی رووسی و پاڵەوانی ئەمریکای کراوە، یەکێکە لەو تێنسزانانەی لە دوای کۆتایی هاتنی پاڵەوانێتیی تێنسی کراوەی دووبەی، لەو شارە مابوونەوە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت بەجێی بهێڵن، لە کاتێکدا بەهۆی داخرای ئاسمان و راوەستانی گەشتەکانەوە، ناتوانن لە دووبەی بێنە دەرەوە.
ئەو یاریزانانە بڕیاربوو چوارشەممەی داهاتوو، بەشداری لە پاڵەوانێتیی تێنسی کراوەی ئیندیانا وێڵز بکەن، کە لە کالیفۆرنیای ئەمریکا ئەنجام دەدرێت و مانەوەیان لە دووبەی، کاریگەریی لەسەر ئەو پاڵەوانێتییە دروستدەکات.
جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران رۆژی شەممەی رابردوو بەهێرش بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و لە رۆژانی رابردوودا، سنووری جەنگەکە فراوانتربوو، پاشئەوەی ئێران هێرشی بۆ سەر چەندین وڵاتی ناوچەکە دەستپێکرد و بەهۆیەوە، گەشتی ئاسمانی ئەو وڵاتانە راگیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ